چالاکێکی مەدەنی بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا

13:16 - 5 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی ٨ ساڵ و نیوی بۆ چالاکێکی مەدەنی کورد خەڵکی شاری دێولان کە ماوەی نزیک بە ٤ مانکە لە زیندانی سنە دایە، مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوار شەممە ٣ی خەزەڵوەر، چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری دێوڵان سەر بە پارێزگای سنە بە ناوی\"ئەفشین حوسێن پەناهی\" لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا.

ئەمجەد حوسێن پەناهی وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە لە فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: \" لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەعیدی\" ئەفشین حوسێن پەناهی بە تۆمەتی \"بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کردەوە.

بە وتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەفشین حوسێن پەناهی لە سەرەتاوە بە بێ هیچ تاوانێک دەستبەسەر کرابوو، بەڵام ئێستاش بۆ چاوترساندنی بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی \"ڕامین حوسێن پەناهی\" ئەو حوکمەیان بە سەر ئەفشین دا سەپاندووە.

ئەفشین حوسێن پەناهی ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش دەستبەسەر کردنی\"ڕامین حوسین پەناهی\" چالاکی سیاسی، لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری دێولانەوە لە مالەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، پیشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکانی ژینگەپارێزی هەیە و لە ساڵ ٩٠ی هەتاوی بە تۆمەتی\" پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.