چالاکێکی مەدەنی بانگهێشتی دادگا کرا

20:23 - 2 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری مەریوان، بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری مەریوان کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئارام فەتحی\"، شاعیر و چالاکی مەدەنیی کورد، بانگهیشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری مەریوان کرا.

تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ئەم شاعێرە مەریوانییە \"تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتیی\" ڕاگەیاندراوە.

ناوبراو لە فەیسبووکی شەخسیی خۆیدا، نووسیوویەتی: \"من ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنی، لە چەند ساڵ پێش بە هۆی چوونە دەرەوە لە ئێران، لە لایەن کۆڕی قەزایی قودسی شاری تاران بە سێ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرام، ئەمساڵ، پاش وەرگرتنی پاسپۆرت لە ئیدارەی پاسپۆرتی شاری مەریوان، چەند مانگ دواتر لە ڕێکەوتی ١١/١/٩٨ پاسپۆرتەکەم لێسەندرایەوە، پاش ٥ مانگ بەدواداچوون لە ئیدارەی پاسپۆرتی پارێزگا، ناوەندی سەرکۆماری لە شاری سنە و ئیدارەکانی دیکە، نە تەنیا پاسپۆرتەکەیان ئازاد نەکرد، بەڵکوو هەتا ئێستا هیچ وڵامێکی ڕوونم دەست نەکەوتووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە من \"ممنوع ا‌لخروج\" نەبووم و تەنیا حوکمی سێ ساڵ زیندانی تەعلیقیم هەیە.\"

ئەو چالاکە مەدەنییە هەورەها نووسیوویەتی: \"لە لایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژ پێش بانگهێشتنامەیەکم لە لایەن دادگوستەریی شاری مەریوانەوە پێگەیشت کە بۆ دوایین جار لە دادگا بە تۆمەتی تێکدانی نەزم و ئاسایش ئامادە بم\".

\"\"

\"\"