چالاکێکی سێنفی مامۆستایان لە شاری دیواندەڕە دەسبەسەر کرا

13:53 - 5 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سێنفی مامۆستایان لە شاری دیواندەڕە لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی شەممە ٣ی سەماوەز، چالکێکی سێنفی مامۆستایان بە ناوی \"حامید نێرگسی\" خەڵکی شاری دیواندەڕە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان پاش دەسبەسەر کرانی بۆ قەراگای شارامفەری سپا لە شاری سنە گوێزرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئومید شامحەممەدی، مامۆستای دەسبەسەر کراوی کورد خەڵکی شاری دیواندەڕە کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پاش مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان دەسبەسەر کراوە، لە گرتنگەی قەراگای سپای شارامفەری شاری سنە دایە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی حامید نێرگسی کە پێشینەی ٢٥ ساڵ مامۆستایەتی هەیە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.