چالاکوانانی کوردستان، ڕێوڕەسمێکیان بۆ یادی کیمیابارانی سەردەشت بەڕێوەبرد

15:37 - 8 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی ژینگەپارێزان، شاخەوانان و کافە کتێبی ئەندیشەی شاری پیرانشار، ڕێوڕەسمێکیان بۆ یادکردنەوەی قوربانییانی کیمیابارانی شاری سەردەشت بەڕێوەبرد.

ڕۆژی هەینی، ٧ی پووشپەڕ، لە ناوچەی خەرپاپ، ئەو ڕێوڕەسمە بەرفراوانە، بە بەشداریی ژینگەپارێزان و شاخەوانانی شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، میراوێی شنۆ و بانە، بەڕێوە چوو.

دەسپێکی بەرنامەکە بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانییان، بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. دواتـــر لە لایەن \"ئەمیر دەباغی\" کە یەکێک لە قوربانییانی بەرکەوتووی کیمیابارانەکەیە، چەند مۆمێک بۆ یادی قوربانییان هەڵگیرسا.
دواتر پەیامی هاوخەمیی ژینگەپارێزان و کافە کتێبی ئەندیشەی پیرانشار لە لایەن \"حەیدەر ئەحمەدی\" پێشکەش کرا.

دواتر \"ئەمیر دەباغی\"، قوربانیی بەرکەوتوو، پارچە شێعرێک و باسێکی پوخت و پاراوی لەسەر کارەساتەکە پێشکەش کرد.

لە درێژەدا، پەیامێک لە لایەن \"فەتاح سولێمانی\"، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینکۆی شنۆ پێشکەش کرا.

دواتر \"فواد ساواک\"، بەرپرسی ئەنجومەنی پاژینی بانە، باسێکی لەسەر کارەساتی ٧ی پووشپەڕ پێشکەش کرد کە جێگای ئاماژەیە پەیامی ئەنجومەنی ژینگە پێکهاتبوو لە ٢ بەش، کە یەکێکیان سەبارەت به کیمیابارانی سەردەشت بوو.

لە بڕگەی دواتردا، له لایەن \"محەممەد داوەری\"، چالاکوانی مەدەنی، پارچە شێعرێک پێشکەش کرا.

لە درێژەدا، \"تەها ڕەسووڵیان\"، چەند مەقام و گۆرانییەکی پێشکەش بە ئامادەبووان و ڕۆحی قوربانییانی کیمیابارانی سەردەشت کرد.

هەروەها \"ڕەحیم سەلامەت\"، بەرپرسی ئەنجومەنی شاخەوانانی چیای شنۆ، لەسەر قوربانییانی کیمابارانەکه قسەی کرد و \"هێرش قادری\"، پەخشانێکی ئاراستەی ئاماده‌بووان کرد.

لە بەشێکی تری ئەو ڕێوڕەسمەدا، \"ئاوارە فەڕۆخی\"، ئەندامی ژینگه‌پارێزانی پیرانشار، پەخشانێکی بە بۆنەی کیمیابارانی ٧ی پووشپەڕەوە، خوێندەوە.
هەروەها \"حەسەن عەبدوڵڵاپوور\"، ئەندامی شاخەوانانی سیاکۆ، پەیامێکی پێشکەش کـرد.

ئەو ڕێوڕەسمە، بە سروودی \"خوایە وەتەن ئاوا کەی\"، بە دەنگی \"تەها ڕەسووڵیان\"، کۆتایی پێهات.