چالاکانی مەدەنی ورمێ و تەورێز بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران

14:18 - 24 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی لە شارەکانی ورمێ و تەورێز، بەتەمای دانانی کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی بە سێڵاولێدراوانی شاری ئەهواز بوون کە لە لایەن ستادی خەبەری وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بانگهێشت کراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی ورمێ و تەورێز، بە مەبەستی وەرێخستنی کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بە سێڵاولێدراوانی ئەهواز، لەگەڵ پێشگیری هێزە ئینتزامییەکان، بەرەڕوو بوونەتەوە و داوایان لێکراوە کە سەردانی پارێزگا و خاچی سوور بکەن.

سەرەڕای سەردانی چالاکانی مەدەنی ئەو دوو شارە بۆ ناوەندە ئاماژەپێکراوەکان، بەرپرسانی حکوومەتی بە بیانووی ئەوەیکە تەنیا خووزستان نییە تووشی ڕووداوی سێڵاو بووە، بەڵکوو شارەکانی دیکی ئێرانیش هەمان کێشەیان، هەیە، پێشیان لە وەرێخستنی ئەو کەمپەینە گرت.

بەرپرسانی حکوومەتی بە چالاکانی مەدەنی شارەکانی ورمێ و تەورێزیان وتووە ئەم کارەی ئێوە، نایاسایی و کێشەخوڵقێنە و بەرپرسانی وڵات خۆیان خەریکی گەیاندنی یارمەتی بە سێڵاولێدراوەکانن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ خاکەلێوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و شنۆ، بەڕێوەبەرانی کەمپەینی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\"ی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردبوون.