چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی کوردستان، سەردانی بنەماڵەی \"زارا محەممەدیـ\"ـیان کرد

16:20 - 9 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی کوردستان، سەردانی بنەماڵەی \"زارا محەممەدی\"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژینـ\"ـیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی کوردستان، سەردانی بنەماڵەی \"زارا محەممەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژینـ\"ـیان کرد.

لەو چاوپێکەوتنەدا، \"حەسەن ئەمینی\"، بەرپرسی قوتابخانەی \"ئیمام بوخاریـ\"ـی شاری سنە، ڕایگەیاند: \"هیواخوازم زارا محەممەدی بە زووترین کات، ئازاد بکرێت\".

بەرپرسی قوتابخانەی ئیمام بوخاریی شاری سنە ڕایگەیاند: \"ئەم جۆرە هەڵسوکەتکردنە لەگەڵ چالاکانی مەدەنی، جگە لە دروستکردنی کەلێنی زۆرتر، هیچ ئاکامێکی دیکەی نابێت، هیوادارم ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێندرێت و هەرچی زووتر، زارا محەممەدی ئازاد بکرێت\".

لەم چاپێکەوتنەدا، \"ئیجلال قەوامی\"، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤی کورد ڕایگەیاند: \"چالاکانی مەدەنی هەڕەشە نین؛ بەڵکوو هەڕەشە، هەژاری، بێکاری و کەڵێن کەوتنە نێو خەڵک و دەسەڵاتە\".

ئەو چالاکە مەدەنییە هەروەها وتی: \"دەبێ ڕێز لە چالاکانی مەدەنی بگرن، جێگای ئەوان گرتنگە و زیندان نییە\".

لەو چاوپێکەوتنەدا، بنەماڵەی \"محەممەدی\"، سپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بەو چالاکانە کرد کە ئەوانیان لەیاددا بووە و سەردانیان کردوون.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"منەت ڕەحمانی\"، خەڵکی گوندی \"لۆن ساداتـ\"ـی شاری کامیاران و پاش دەسبەسەرکردنی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، وەکوو مامۆستای زمانی کوردی خەریکی فێرکردنی زمانی کوردی لە گوندەکانی کامیاراندا بووە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.