چالاکانی فەرهەنگی لە کۆنگرەی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی بەشدارییان نەکرد

13:37 - 20 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی کورد، بۆ یەکەمجار لە کۆنگرەی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی لە شاری شنۆ بە هۆی دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران، لەو کۆنگرەیەدا بەشدارییان نەکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر، یەکەم کۆنگرەی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی لە خانەی \"مجتمع\" فەرهەنگی شاری شنۆ بەڕێوە چوو، کە بە هۆی دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری شنۆ لەو کۆنگرەیە بەشدارییان نەکرد.

\"\"چالاکێکی فەرهەنگی بەشداربووی ئەو کۆنگرەیە، بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆی ڕایگەیاند: ئەو کۆنگرەیە لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبی_فەرهەنگی پرشنگی گەلاوێژ بەڕێوە چوو، کە دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران لەو کۆنگرەیە، ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگیی لەگەڵ بوو.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: سپای پاسداران ئەو کۆنگرەیە بە هەل زانیوە و لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە، پێشانگایەکی وێنەی لە دژی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران داناوە.

\"\"ئەو چالاکە فەرهەنگییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: سپای پاسداران لەو پێشانگایەدا بە هەڵواسینی وێنەی ڕێبەرانی کورد، دەستی بە بێڕێزی بە مێژوو و شوناسی نەتەوەی کورد کردووە.

بە وتەی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، زۆربەی چالاکانی فەرهەنگی بانگهێشتکراو بۆ ئەو کۆنگرەیە بە ببینی ئەو پێشانگایە و وێنە هەڵواسراوەکان، شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەیان بەجێ هێشتووە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە هەروەها سپای پاسدارانی بە \"دەستێوەردان لە کاروباری فەرهەنگی\" تاوانبار کردووە.