چارەنووسی سێ ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی \"نۆژین\" ناڕوونە

14:58 - 30 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی سێ ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی \"زارا محەممەدی\"، \"سیروان ئیبراهیمی\" و \"منەت ڕەحمانی\"، سێ ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیزە ئیتلاعاتییەکان پێشیان بە چاوپێکەوتنی ئەندامانی ئەنجومەنی \"نۆژین\" لەگەڵ \"زارا محەممەدی\" گرتووە و هەروەها پێیان ڕاگەیاندوون کە زارا لە زینداندایە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادیشی کرد: \"دۆخی زارا محەممەدی لە زینداندا ناجێگیر ڕاگەیەندراوە\".

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، \"زارا محەممەدی\" و دوو ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" بە ناوەکانی \"ئیدریس مێنبەری\" و \"ڕێبوار مێنبەری\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، \"ئیدریس مێنبەری\" و \"ڕیبوار مێنبەری\" بە شێوەی کاتی ئازاد کران و \"زارا محەممەدی\" هەتاکوو ئێستا لە دەسبەسەریدایە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕیش، \"سیروان ئیبراهیمی\"، بەرپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" لە شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو و هەروەها تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی \"نۆژین\" بە ناوی \"منەت ڕەحمانی\"، لە گوندی \"لۆن سادات\"، سەر بە شاری کامیاران، ناوبراویان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووەتەوە.

ئەم ئەندامە دەسبەسەرکراوەی ئەنجومەنی \"نۆژین\"، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لە بواری وانەوتنەوەی زمانی کوردی لە گوندەکانی دەوروبەری کامیاران، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.