پەنابەرێکی ئیلام لە وڵاتی \"بۆسنی هێرزگوێن\"دا، گیانی لەدەست دا

14:46 - 21 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: پەناخوازێکی خەڵکی شاری ئیلام، لە وڵاتی بۆسنی هێرزگوێن، لە کاتی ڕاودوونانی هێزەکانی پۆلسی ئەو وڵاتەدا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، لە کەمپەینی پەناخوازەکانی وڵاتی بوسنی و هێرزەگوێندا بووە، لە کاتی ڕاودوونانی هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەدا، بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێوە، لە بینایەکی چوار نهۆمیدا گیانی لە دەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش فرۆشتنی کەرەستە و کەلوپەلی ماڵەکەی، بە مەبەستی پەناخوازی لە وڵاتی ئاڵمان، ئێرانی بەجێهشتووە و لە کەمپی پەناخوازەکانی وڵاتی بوسنی و هێرزگوین گیرسابوو. لە کاتی ڕاودوونانی ئەو پەناخوازە کوردە، لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە، گیانی لەدەست داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو هاووڵاتییە ئیلامییە ناڕوونە.

پەناخوازانی کورد بۆ دەربازبوون لەژێر گوشاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها دابینکردنی داهاتووی بنەماڵەکانیان، وەکوو پەناخواز ڕوو لە وڵاتی سێهەم دەکەن و زۆرجار هێندێكیان تووشی خراپیی باری دەروونی دەبن و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ وەرنەگیرانیان بە شێوەی فەرمی و ناڕوونیی دۆسیەكانیان.