پەنابەرانی کورد لەتورکیا گلەیی و گازەندەیان لەحیزبە سیاسییەکانی کورد هەیە+وتووێژ

15:28 - 16 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: پەنابەرانی سیاسیی کورد لەوڵاتی تورکیا خوازیاری وڵامدانەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ دۆخی پەناخوازیی خۆیان بوون.

ئەو پەنابەرانە کە زۆربەیان لەئەندامانی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەن لەساڵی ٢٠١٠‌وە بەبیانووی بوونی ناوی حیزبەکان لە \"لیستەی رەش\"دا، وڵاتانی ئەمریکا، کانادا و ئوسترالیا لە وەرگرتنی ئەو پەناخوازانە خۆیان بواردووە.

پەنابەرانی سیاسیی کورد نامەیەکیان بڵاو کردۆتەوە و تیایدا باسیان لەوە کردووە، ئێمە دوای ئەوەی کە شایەتی هەڵاواردن و جیاوازی دانان و نادادپەروەریمان لەبەرپرسانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی رۆژئاوا بینی و بەپێی ئەوەی کە حیزبە سیاسییەکان هیچ بایەخێکیان بە داواکارییەکانی ئێمە نەدا، بڕیارماندا ئەو نامە سەرئاواڵەیە بنووسین.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی ئاوڕدانەوە و رووماڵ کردنی هەواڵی پەنابەرانی سیاسیی کورد لە تورکیا، وتووێژێکی لەگەڵ سۆهراب کەریمی چالاکی سیاسیی و پەنابەر لەو وڵاتە پێکهێناوە.

\"19823.jpg\"
سۆهراب کەریمی چالاکی سیاسیی کورد له تورکیا
کەریمی سەرەتا پەنابەرانی کوردی ئێرانی لەتورکیا بە سەر سێ‌دەستەی سیاسیی، مەدەنیی و کۆمەڵایەتیدا دابەش کرد و وتی: بەداخەوە کێشەی سەرەکیی و بنەڕەتی ئەوەیە کە لاوازی دیپلۆماسی حیزبە کوردییەکان لەگەڵ وڵاتانی وەرگری پەنابەر و بوونی ناوی ئەو حیزبانە لە \"لیستەی رەش\"‌دا وایکردووە کە لە سێ‌ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا زۆر بە ئەستەمی پەنابەر وەربگیردرێن.

ئەو چالاکە خوێندکارییە وێڕای رەخنەی لە نەبوونی ناوەندێکی داکۆکیکار لەچالاکانی سیاسیی، مافی مرۆڤ و مەدەنیی کوردی دەرەوەی وڵات، ئاشکراشی کرد، لە نێوان ئەو سێ‌دەستەیەی سەرەوەدا، کەسانێکی چالاکی مەدەنیی کورد هەن کە بە هۆی پشتیوانی کردنیان لەلایەن ناوەندە ئێرانی و جیهانییەکانەوە دۆخێکی باشتریان لە پەنابەرانی دیکە هەیە.

بەگوتەی سۆهراب کەریمی ، پشتیوانی کردن لە پەنابەرانی کورد لەلایەن ناوەندە مافی مرۆڤییەکانەوە زۆر دەخایەنێ‌، بەڵام پەنابەرانی غەیری کورد زۆر بە خێرایی پشتیوانییان لێ‌دەکرێ‌.

ئەو چالاکە سیاسییە، گەڕانەوەی بەشێک لەچالاکانی سیاسی بۆ ناوخۆی ئێران دوای وەرگرتنی \"ئیقامە\" لەو وڵاتی سێهەم، بەهۆکارێکی دیکەی دۆخی خراپی پەنابەرانی کورد دەزانێ‌ و گوتیشی: هاتوچۆی هێندی لەچالاکانی سیاسی دوای وەرگرتنی پاسپۆرت لەوڵاتانی غەربی، زەربەی لە دۆسییەی پەنابەرانی دیکە داوە.

کەریمی لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئاخۆ پێویستە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران چ رێکارێک لەهەمبەر پەنابەراندا بگرنە بەر، رایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەکانی وڵاتانی وەرگری پەنابەر دۆخی و هەڵسوکەوتی پەنابەران دەخەنە ژێر چاودێرییەوە و نیگەرانی کارکرد و داهاتووی ئەوانن و پێویستە حیزبەکان لە تەئیدی ئەندامەکانیان بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن.

پێوەندیی زیاتری حیزبە کوردییەکان لەگەڵ وڵاتانی وەرگری پەنابەر و دامەزراندنی ناوەندی داکۆکیکاری لە چالاکانی \"هەڵاتوو\" ئەو پێشنیارانە بوون کە لەلایەن ئەو چالاکە خوێندکارییەوە روو بە حیزبەکان خرایەڕوو.