پەرەسەندنی خۆکوژی و هۆکارەکانی

11:47 - 26 پووشپەڕ 2722
Unknown Author

ڕۆژیندا بەیان

خۆکوشن یەکێک لەو پرسانەیە کە زۆرجار لە میدیاکانەوە باسی لێدەکرێت و لە زۆربەی دونیا وەک پرسێکی گرینگ دەپەرژێنە سەری و لێکدانەوەی جیاوازی لە روانگە جیاوازە کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونناسی، دەروونشیکاری، ئابووری بۆ ئەم دیاردەیە دەکرێت. خۆکوشتن دیاردەیەک نییە تایبەت بە جوگرافیا و شوێنێکی دیاریکراو، تەنانەت تایبەت نییە بە سەردەمێکی دیاریکراو. تەنها مرۆڤیش نییە پەنا بۆ ئەم دیاردەیە دەبات، بەڵکوو دەبینین یان دەخوێنینەوە هەندێجار کۆمەڵێک ئاژەڵ لەوانە نەهەنگەکان بە کۆمەڵ یان بە تاک خۆیان ئەکوژن. هۆکاری خۆکوژی ئینسان یان ئاژەڵەکانیش لە روانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ کراوەو دەکرێت و رەنگە یەکێک لەو پرسانە بێت کە مشت و مڕی زۆری لە سەرە.

من لێرەدا نامهەوێ بچمە سەر باسکردن لە سەر ئەوەی کە ئاخۆ لە باری دەروونناسییەوە دەروونناسەکان چۆن خۆکوژی لێک ئەدەنەوە، یان ئەوەی کۆمەڵناسەکان لە قوتابخانە جیاوازەکانی کۆمەڵناسی چۆن باسی ئەکەن. رەنگە لە توانای منیشدا نەبێت و پسپۆڕ و شارەزای خۆی ئەوێت.

ئەوەی من لێرەدا دەمهەوێ باسی بکەم لە راستییدا خۆکوژییە لە جوگرافیایەکی تایبەتدا، لەو شارەی کە تێیدا دەژیم ، لە بۆکان. لە ماوەیەکی کورتدا، لە ماوەی نزیک ٢ هەفتەدا لە شارێکی بچووکی وەک بۆکان ٥ کەس ، کە هەر پێنج کەسیان گەنج بوو، بە هۆکاری جیاواز خۆیان کوشتووەو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. بە شێوەیەک کە هەواڵی خۆکوشتنی ئەو کەسانە جۆرێک سترێسی ناو کۆمەڵگا دروستکردووە. هەر بنەماڵەیەک ئەترسێت ئەم چیرۆکە لە بنەماڵەی ئەویشدا رووبدات و کەسێک خۆی بکوژێت.

دەوترێت یەکێک لەو گەنجانە بە هۆی ئەوەی لە تاقیکردنەوەی کونکۆر خراپبووەو زانیویەتی دەرناچێت بۆ زانکۆ خۆی کوشتووە. بۆ ئەوانیتر هۆکاری جیاواز دەهێننەوە. هۆکارەکان هەرچی بێت ئەم دیاردەیە جێی سەرنجە و پێویستە لێکۆلێنەوەی جیدی لەسەر بکرێت.

ئاخۆ چی ئەبێت بە هۆی ئەوەی کە گەنجێک تەنها لەبەر ئەوەی دەرنەچووە بۆ زانکۆ خۆی بکوژێت. لە راستییدا لە هەموو ئێران هەموو ساڵێک رووداوی هاوشێوە روودەدات. ئەمە بێگومان پرسیار لە سەر سیستەمی پەروەردە و سیستەمی وەرگرتنی خوێندکار بۆ زانکۆ دروست دەکات. لێرەدا بە ئاشکرا ئەتوانین بڵێین دەسەڵات و ئەو مێکانیزمەی کە دانراوە بۆ وەرگرتنی خوێندکار لەم رووداوەو لە رووداوە هاوشێوەکاندا کە هەموو ساڵێک لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران روودەدات، تاوانبارە.

وەک باس دەکرێت هۆکاری ئابووری و کێشەی ئابووری هۆکاریتری خۆکوژی یەک یان دوو کەس بووە لەوانەی خۆیان کوشتووە.

بێگومان هەموان ئەزانن دۆخی ئابووری لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتیتر ، دۆخێکی زۆر خراپە. سیاسەتی دەوڵەت و سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت، شکستی ئابووری دەسەڵات، زۆر بە روونی هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخەیە. دۆخی ئابووری ئێران، دۆخێکی کارەساتبارە، بێکاری ، هەژاری، گرانی، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە. لەم دۆخەدا هەرکات ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک دەست ببات بۆ کارێک کە عاقڵانە نییە. وەک ئەبینین و زۆر جار ئەخوێنینەوە بەداخەوە رۆژانە لە شار و ناوچە جیاوازەکان خەڵک بە هۆکاری ئابووری خۆیان ئەکوژن، تەنانەت کەسانێک دەست ئەبەن بۆ خۆکوشتن تەمەنیان ١٢-١٣ ساڵە  و چەن کەس وەها بووە کە بەهۆکاری هەژاری خۆیان کوشتووە.

هۆکارێکیتری خۆکوژی لە ئێران و کوردستان، کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانە. کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری جیاوازی ئابووری، کەلتووری، پەروەردەیی و ... یان لە پشتە. رەنگە بڵێین زۆرترین قوربانییەکانی خۆکوژی بە هۆکاری خێزانی- کۆمەڵایەتییەوەیە ، هەڵەمان نەکردبێت. بەشێکی زۆری ئەوانەش کە دەبن بە قوربانی ژنان و کچانن. دۆخی ئابووری بنەماڵەکان. ئاستی کەلتووری و تێگەیشتنی بنەماڵەکان، تیڕوانینی پیاوسالاری ناو کۆمەڵگا و بنەماڵە، هۆکارن بەوەی گوشار لە سەر تاکەکان و بە زۆری ژنان و کچان دروست ئەکەن بەوەی پەنا بۆ خوکوژی ببەن.

لە بەشی زۆری کەیسەکانی خۆکوژیدا، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پرسی ئابووری کاریگەری بووەو هەیە. لە کۆمەڵگایەکدا کە هەژاری و تەنگدەستی، بێکاری و... زۆر بێت، لە کۆمەڵگایەکدا کە دەرفەتی یەکسان بۆ نیشاندانی تواناکان نەبێت، ئەگەری ئەوەی گەنجێک هەست بکات ئیتر شەش خانی ئومێدی لێتەنراوەو دەست ببات بۆ خۆکوژی زۆر زۆرە. پەروەردەی دروست، هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی ئابووری، رۆشنبیرکردنەوەی کۆمەڵگا و خێزان ئەتوانن یارمەتی دەر بن بۆ کەمبوونەوەی ئەم دیاردەیە. خۆکوژی وەک دیاردەیەک هیچکات بنەبڕ ناکرێت، بەڵام دەکرێت کارێک بکرێت خەڵک هیوایان بە ژیان زۆرتر بێت، گەش بینانە بۆ ژیان بڕوانن. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە رێژەی خەمۆکی تێیدا زۆر لە سەرەوەیە. هیوا بە ژیان کەمە .هەموو ئامەنش هاندەرن بۆ چوونە سەرەوەی ڕێژەی خۆکوژی. سەرەنجام دەسەڵات بە هەموو جمگەکانییەوە بەرپرسیارە بەرامبەر ئەم دۆخەو دۆخە هاوشێوەکانی. پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی بناغەی ئابووری وڵات و کوردستان باشتر بێت و لەگەڵ ئەمەش گرینگی بە لایەنە پەروەردەیی و خێزانیەکان بدرێت و یاسا پارێزه‌ری تاک بێت لە دژوارترین دۆخەکاندا.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.