پێکرانی کۆڵبەرێکی سەردەشتی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

13:24 - 11 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کۆڵبەرێکی سەردەشتیی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری مەهاباد کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، پێکرا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی \"ڕزگار ڕەسووڵی\"، خەڵکی گوندی \"بێورانی سەرێـ\"ـی شاری سەردەشت ڕاگەیەندراوە.

هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە پایگای \"کێلێ\"، تەقەی لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی قورسیی برینەکەیەوە، بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری مەهاباد کراوە.

هێزەکانی حکوومەت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بەبێ ئاگادارکردنەوە، کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەدەنە بەر دەسڕێژیی گولـلە و زۆرجار کۆڵبەران و کاسبکاران لەگەڵ گیان لەدەستدان و برینداربوون بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە هۆکارە سەرکییەکانی پەرسەندنی دیاردەی کۆڵبەری، نەبوونی دەرفەتی کار، سەرمایەگوزاری نەکردنی حکوومەت لە ناوچە کوردنشینەکان و پێناسەی نادروست لە ئابووریی سنوورییە، کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو کەسانەی کە بە دوای کاردا دەگەرێن، ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری بکەن.

ماوەیەک پێش، نوێنه‌ری خه‌ڵکی شارەکانی سنه‌، دیواندەرە و کامیاران له‌ مەجلیسی ئێران، له‌باره‌ی دۆخی کۆڵبه‌رانی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە کۆڵبه‌ران به‌ره‌وڕووی ته‌نگنایەکی ئابووریی دژوارن و به‌داخه‌وه‌ حکوومەتی ئێران هیچ هه‌نگاوێکی کارامه‌ بۆ باشتربوونه‌وه‌ی دۆخی ئابوورییان هه‌ڵنەگرتووە.

\"ئەحسەن عەلەوەی\" له‌ مەجلیسی ئێران، پێداگریی لەسەر ئەوە کردبوو کە سه‌لامه‌تی کۆڵبه‌ران له‌ ڕێگا پڕهه‌وراز و نشێوه‌کان به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ هۆکارێکی سامانپێنه‌دانی کۆڵبه‌ران ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ داموده‌زگایەکی تایبه‌ت پشتیوانی له‌و چینه‌ هه‌ژاره‌ ناکات.