پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی قەوخ لەسەر کار لابرا

22:01 - 19 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی جامیعی \"قەوخ\" لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، لەسەر کارەکەی لابرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستا \"سابیر خودا مورادی\" پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی \"قەوخ\"ـی سەقز لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز و گوشاری ناوندەی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژئاوای وڵات لەسەر کارەکەی لابراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە بۆنە تایبەت و ڕووداوە نەخوازراوەکانی کۆمەڵگای کوردستان، ڕاشکاوانە هەڵوێستی دەردەبڕی و لێدوانی خۆی دەدا.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز و گوشاری ناوندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژئاوای وڵات، مەلایەکی ئایینیی شیعە مەزهەبی بە جێگای ناوبراو لەسەر کار داناوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ، \"عیزەت حەلاق\"، ئەندامی شۆرای مەکتەبی قورئانی کوردستان بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنه بانگهێشت کرا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٧٥ ساڵەیە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێکرابوو.