پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شاری دیواندەرە و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەت

16:30 - 10 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: پیسبوونی ئاوی خوارنەوەی شاری دیواندەرە و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی سێ ڕۆژە کە ئاوی خوارنەوەی شاری دیواندەرە، بە هۆکاری نادیار پیس بووە و هەتا ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی هیچ هەنگاوێکی بە کردەیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سەرەڕای داواکاریی هاووڵاتییان بۆ چارەسەرکردنی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی، هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بەرپرسانی حکوومەتیش لەو شارە لە چەندین ڕاگەیاندندا ڕایانگەیاندووە کە ئەمە پڕوپاگەندەیە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کرد کە هاووڵاتییان بە خوارنەوەی ئەو ئاوە، تووشی سک ئێشە و ڕشانەوە بوونە.

لێدوانی بەرپرسانی حکوومەت لە شاری دیواندەرە لە کاتێکدایە کە بە وتەی یەکێک لە کارمەندانی ئاوی پارێزگای سنە، تا نیوەی شەوی ڕابردوو سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی سەرچاوەی پیسیی ئاو بوونە کە بەهۆی تێچوونی قەوزەوە لە چۆمی \"قەرەخەوی\" ڕووی داوە.

پرتووکاویی سیستمی بۆڕیی ئاو و بەڕۆژنەکردنی سیستمی پاڵاوگەی ئاو، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئاوی خواردنەوەی کوردستانە.

زیاتر٦٠ لەسەدی ئاوی شیرینی هەموو ئێران لە ناوچە کوردنشینەکانە، بەڵام خەڵکی کوردستان کەمترین سوودی لێ‏ وەردەگرن.