پلەی ئێران لە بواری پاراستنی سروشتەوە دابەزیوە

20:24 - 10 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهاندا، ئێران لە بواری پاراستنی ژینگەدا، پلەی سەدوپێنجەمی هەیە.

توێژینەوەی ناوەندێکی زانستیی لە ئەمریکا نیشان دەدا کە؛ پاراستنی ئێکۆسیستم و تەندروستی لە وڵاتی ئێران، بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە.

ڕاپۆڕتێکی زانستگەی ییل دەریدەخات کە؛ کردەوە پەیوەندیدارەکان بە ژینگە لە ئێران(EPI) لە زۆرێک لە تایبەتمەندیەکانی وەکوو زیادبوونی پیسی ئاو و هەوا، لەنێوچوونی لێڕەوارەکان، ڕاوی لەڕادەبەدەر و کاولکردنی سەرچاوە سروشتییەکان، ڕەوتێکی سەرەولێژ دەپێوێت.

ڕەشبینی و ڕەخنەی توندی لێکۆڵەرانی زانستگەی ییل بە نیسبەت تایبەتمەندیی کردەیی ژینگە لە ئێراندا، لە ساڵی ٢٠١٦ لە کاتێکدایە کە بیرمەندان، توێژینەوەی EPI بە متمانە پیکراوترین توێژینەوەی ساڵانە لە بواری ژینگەیی لەقەڵەم دەدەن.

ساڵی ڕابردوو پلەی ئێران لەو بوارەدا، ١٠١ بوو کە ئەوساڵ بە ٤ پلە دابەزینەوە، گەیشتە ١٠٥، لەسەر ئاستی جیهاندا.

هەروەها لە نێو ٢٠ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین‏دا کە کردەوە ژینگەییەکانیان لەسەر بنەمای پاراستنی ئێکۆسیستمی سروشتی و تەندروستیی مرۆڤەکان هەڵسەنگێندراوە، ئێران لە پلەی سێزدەدایە.

لەم توێژینەوەدا، فینلاند، سوید، دانمارک و ئسلونی لە جیهاندا، بە ڕیز پلەی یەک تاکوو پێنجیان وەدەست هێناوە و سوومالییش لە پلەی ١٨٠دا جێی‏گرتووە.

\"29430.jpg\"
بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کردەوە ژینگەییەکانی ئێران لە ماڵپەڕی ئەو زانستگەیە، هاوکات دەگەڵ پیشاندانی چالاکیی خەڵکیی لەمەڕ پاراستنی ژینگەی کوردستان و بزاڤی شکاندنی چەکی ڕاو و پێدانی خۆراک بە گیانلەبەر و باڵندەکان، لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، وێنەگەلێک لە ڕیزبەستنی ڕاوچییەکانی مەریوان بۆ وەرگرتنی فیشەکی دەوڵەتیی بۆ ڕاو بڵاو بوویەوە.

لەو وێنانەدا زۆرێک لەو کەسانە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بەهۆکاری جوراوجور لە درێژەدان بە ڕاو وازیان هێنابوو، سەرلەنوێ بە هاندان و تەماح وەبەرنانی ئیدارەی جەنگەڵبانی، چوونەتەوە ڕیزی ڕاوچییەکانەوە.

وشکەساڵی، لەنێوچوونی لێڕەوارەکان، بەنداو دروستکردن و ناکارامەیی لە بەڕێوەبەریی زێرابەکانی شار و شوێنە پیشەییەکان، لە قەیرانگەلی ژینگەیی ئێران دێنەهەژمار.