پرۆژەی رەوتی رێفۆمخوازی حکومەتی لە کوردستان!

16:38 - 3 جۆزەردان 2715
Unknown Author
جەمیل کولاهی

دوا بە دوای رووداوەکەی مەهاباد، رێفۆرمخوازە کوردەکانی ناو رژیمی کۆماری ئیسلامی، پرۆژەیەکی بەربڵاوی تەبلیغییان دژی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات دەست پێ کردووە، لەم نێوەدا هەر دوو باڵی رژیم بە هاوئاهەنگی یەکتر بەرنامەکانیان رادەپەڕێنن، باڵی توندڕەو بە وەحشیانەترین شێوە سەرکوتی کرد و لەم لاشەوە باڵی رێفۆرمخواز خەریکی پاساو هێنانەوەن بۆ سەرکوتەکە، باڵی رێفۆرمخواز لە هەموو نووسینەکانیاندا هێزە کوردییەکانیان تاوانبار کردووە بەوەی کە ئیزنی روون بوونەوەی رووداوەکەیان نەداوە و هەروەها بە توندی پشتیبانی لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەکەن. لە حاڵێکدا حیزبە کوردییەکان چووکترین رۆڵیان لەو رووداوە نەبوو و بە تەواوی خۆڕسک بوو. یەکێک لەوانە فەرهادی ئەمین پوورە کە لە ماڵپەڕی روانگە بابەتێکی لە ژێ ناوی \"حادثە مهاباد و سقوط اخلاقی سیاست\" نووسیوە کە لەم بابەتەدا بە وردی دەپەرژێمە سەری.

فەرهاد ئەمین پوور لە سەرەتای وتارەکەیدا دەڵێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەفزیونەکانی دەرەوە، ئیزنیان نەدا کە واقعییەتەکە روون ببێتەوە و هاواری خاون هۆتێلەکەیان بۆ دەرخستنی بەڵگەکان نەبیست و بابەتەکەیان \"تحریف\" و \"جعل\" کرد. لەم وتارەدا هەموو تاوانەکان خراوەتە پاڵ حیزبە کوردییەکان، هەر بۆیە لە درێژەی بابەتەکەیدا حیزبە کوردییەکان بە مودێلێکی چووکە و ناتەواو لە باڵی توندئاژۆی رژیمی ئێران دەشۆبهێنێ کە خوازیاری تێکدانی باری ئاسایی کوردستانن! بۆ نموونە دەڵێ:

\"جریان رادیکالِ درون حاکمیت نیز که هم‌چنان بخش اصلی سیاست‌گذاری امنیتی و مدیریت سیاسی مناطق کُردنشین را در اختیار دارد و در دو دهه‌ی گذشته تلاش کرده‌است تا مخالفین براندازش را در حوزه‌ی تفکر و عمل سیاسی به مدل‌های کوچکی از خود تبدیل کند... از سوی دیگر احزاب کُرد مخالف حکومت که ظاهراً تحت تأثیر اختلافات عمیق داخلی و انشعاب‌های مداوم، تا حد زیادی از مبانی اخلاقیِ اولیه‌ی خود تخلیه شده و منش و روش طرف مقابل را در گفتار و کنش سیاسی پذیرفته و با ذوب شدن در مناسبات و منازعات غیردمکراتیکِ قدرت، به مدل‌های کوچک و ناقصی از او بدل شده‌اند...\"
ئەمین پوور لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێ: \"به عبارت دیگر هر دو سوی این نبرد ایدئولوژیک (واتە حیزبە کوردییەکان و باڵی توندئاژۆی رژیم) که با غیرمتعارف‌ترین و شبیه‌ترین روش‌ها به یکدیگر حمله کرده‌اند، میانه‌روها و مطالبه کنندگان آرامش و طرفداران روشن شدن ابعاد حادثه و اجرای عدالت را با تندترین عبارات و اصطلاحات تولید شده در دستگاه‌های فکری مشترک سرکوب می‌کنند.\"

ئەمین پوور کە بە نووسینەکەیدا دیارە سەر بە باڵی رێفورمخوازە حکومەتییەکانە، وێڕای پرۆپاگاندا بۆ لایەنەکەی خۆی، بە شۆبهاندنی حیزبە کوردییەکان بە مودێلێکی چووکە و ناتەواوی باڵێ توندئاژۆی رژیم واتە بەسیج، سپاسی پاسداران، ئیتلاعات و لیباس شەخسییەکان، دەیەوێ بە مەبەستی سەرەکی خۆی کە هەمان مەبەستی سەرەکی رژیم بە هەر دوو باڵەکەیەتی، ئەویش بێ ئیعتیبار کردنی هێزە کوردییەکانە، بگات. کە دەڵێ مۆدێلێکی ناتەواو واتە هێزە کوردییەکان لە سپای پاسداران و بەسیج خراپترن، کەوابو بۆ ئەوەی بتوانین رێفۆرم لە کۆماری ئیسلامیدا بکەین دەبێ ئەو دوو لایەنە لە نێو ببردرێن و سروشتییە کە لە خراپترینەکەوە دەس پێ دەکرێ، کە هەر وەک دەبینین کردوویانە. فارس گوتەنی راە قدس از کربلا میگذرد. ئەم تەنیا سناریویەکە بۆ لێدانی بزووتنەوەی کورد، دەنا هیچکام لە رێفۆرمخوازە کوردەکان ناوێرن چووکترین دەنگ دژی باڵی توندئاژۆی حکوومەت، هەڵبڕن.

ئەمین پور و باقی ریفۆرمخوازەکان چاک دەزانن کە دەزگای قەزایی رژیمی ئێران هیچکات عەداڵەت ئیجرا ناکات، فەریناز یەکەمین کچ نەبوو کە بووە قوربانی ناعەداڵەتی دەزگای قەزایی و چالاکانی وەک ئاغای ئەمین پووریش نەیانتوانی بڵن لەل. نموونەی هەرە زەق و بەرچاو رێحانە جەبباری و عاتفە رەجەبین، کە هەر وەک فەریناز مەعمووری ئیتلاعات دەسدرێژی کردە سەریان و بە تاوانی بەرگری لە خۆیان لە سێ دارە دران! بەڵام کەسانی وەک ئەمین پوور نەیانتوانی هیچ بکەن! پرسیار لە ئەمین پوورەکان ئەوەیە کە لەوێش دیسان حیزبە کوردییەکان نەیانهێشت واقعییەتەکە روون بێتەوە؟ ئایا دیسان حیزبە کوردییەکان ئێوەیان \"سەرکوت\"! کرد و نەیانهێشت یەخەی حکوومەت بگرن؟

رێفۆرم خوازە حکومەتییەکانی کوردستان، هەر وەک رێفۆرم خوازەکانی دیکەی ئێران، پەرۆشی روون بوونەوەی رووداوی گیان لە دەست دانی فەریناز نین، پەرۆشی ئەوەن کە نەکا بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک، دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ خەوشدار بێت، دەنا ئەگەر راست دەکەن و پەرۆشی فەریناز و ژنانی کوردستانن، ئەی بۆ لە بەرانبەر کوژرانی سومەیە فەیزۆڵاهی، شلێر فەرهادی، شەیدا حاتەمی، سەحەر چوینی، شیلان روشن دل و دەیانی دیکە متەقیان پێوە نەهات؟ مەگەر ئەوانیش وەک فەریناز تووشی بێ عەداڵەتی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی نەبوون؟ خۆ لە بارەی ئەوانەوە هیچ حیزبێکی کوردی دەخاڵەتی نەکرد و هیچ نەکرا. ئاغایانی میانەڕەو لە چ شوێنێکی ئەو کەیسگەلەدا خۆیان ئەبیننەوە؟ ئایا لە بنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە مافی ژن هەیە تا شێوەی کوشتنیان روون بکاتەوە و تاوانباران بە سزا بگەیەنێ؟

واقعیەت ئەوەیە رەوتی رێفورمخوازی کوردی (کە بە راستی فۆرمێکی سەقەت و کۆمیک لە رەوتی رێفورمخوازی فارسە) بە هۆی بەستراوەیی بە گشتیی بە سیستەمەوە وەک باڵی توندئاژۆ هیچ باوەڕێکی بە مافی ژن نیە، بەڵکوو لە پشت کەیسی فەرینازەوە سەنگەری گرتووە بۆ تەقە لە بزووتنەوەی کورد، لە بەرانبەردا ئیزنی ئەوەیان پێ دەدرێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا، چالاکی مەدەنی نادیار و بێ مسداقی دەرەکی بکەن!

کەوابوو لێرەدا واقعییەت شتێکی دیکەیە، ئەگەر باڵی توندئاژۆی حکوومەت دیوێکی دراوەکە بێت، رێفورمخوازەکان دیوەکەی دیکەیەن. چونکە رێبەرانی باڵی رێفورمخواز نە تەنیا هیچکات خوازیاری لە ناوچوونی رژیم نەبوونە، بەڵکو دروشمی سەرەکییان گەڕاندنەوەی رژیم بۆ سەردەمی زێڕینی \"ئیمام\"ە.

هەربۆیە هەردووباڵی رژیم لە جەوهەردا یەکن بەڵام لە رواڵەت و شێوەی کاردا جیاوازن. ئەگەر باڵی توندئاژۆ بە شێوەی \"سخت افزاری\" بزووتنەوەی کورد سەرکوت دەکات، رێفورمخوازەکان بە شێوەی \"نرم افزاری\" خەریکی ئەو کارەن. واتە باڵی توندئاژۆ سیاسەتی سڕینەوەی فیزیکی پێڕەو دەکەن و باڵی رێفۆرمخواز سیاسەتی بێ ناوەرۆک کردنی بزووتنەوەی نەتەویی کوردیان گرتۆتە بەر!

لەم نووسینەدا ئەمین پووردا هەر وەک لە نووسینەکانی عەبدۆڵا ئەبریشەمی و سەلاحەدین خەدیو و رێفورمخوازەکانی دیکەدا بە قووڵی ئاماژەی پێ دراوە، ئەو ئیستراتێژییەی رێفۆرمخوازەکان واتە لێدانی بزووتنەوەی کورد، ئاشکرا بووە، شۆبهاندنی هێزە کوردییەکان بە مۆدێلی ناتەواوی باڵی توند ئاژۆی رژیمی ئێران، سەلمێنەری ئەو راستییەن. دەنا ئەگەر گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ نەکرابێ ئەمین پوور چۆن دەتوانێ باڵێک لە رژیم کە راستەو خۆ لە ژێر فەرمانی خامنەیی دان، بە هێزە کوردییەکان کە بە \"مفسد فی الارض\" ناسراون و دەیان هەزار کەس پاسدار و بەسیجییان کوشتووە، بشۆبهێنێ.

سپا، ئیتلاعات، بەسیج و لیباس شەخسییەکان لەوە ئاگادارن کە لە کوردستان وەک هێزێکی بێزراو و جێنایەتکار سەیریان دەکرێ، بۆیە بە مەبەستی سووتاندنی هێزە کوردییەکان چاوپۆشی لەو پرۆپاگاندانە دەکەن کە لە لایەن رێفۆرمخوازە کوردەکانەوە دژی هێزە کوردییەکان دەکرێ. واتە ئەم یەک دەنگی لە نووسین و بانگەشانەی رێفۆرمخوازەکان دژی بزووتنەوەی کورد، بە بیانووی پشتیبانی لە فەریناز، بە بەرنامەی لە پێشدا داڕێژراو دەکرێ و دەستی هەر دوو باڵی رژیمی تێدایە.

کاتێک ئەمین پوور دەڵێ: \"به عبارت دیگر هر دو سوی این نبرد ایدئولوژیک (واتە حیزبە کوردییەکان و باڵی توندئاژۆی رژیم) که با غیرمتعارف‌ترین و شبیه‌ترین روش‌ها به یکدیگر حمله کرده‌اند\" هیچ شک و گومانێک ناهێڵێتەوە رێفۆرمخوازەکان زیاتر لە باڵی توندئاژۆ لە بیری سڕینەوەی بزووتنەوەی کوردن، لێرەدا خەبات دژی رژیم بە مەبەستی دەستەبەر کردنی مافەکانی نەتەوەی کورد، لە گەڵ داگیرکاری و سەرکوتی وەحشییانەی کۆماری ئیسلامی لە یەک قاڵب دانراون و بە پێی بیری رێفۆرمخوازیی ئەمین پوور، هەر دوو لە یەک ئیدئۆلۆژییەوە سەرچاوەیان گرتووە. سەفسەتەی ئەمین پوور لێرەدایە کە خەباتی هێزێکی کوردی بە مەبەستی رزگاری کوردستان و دەستەبەر بوونی مافە نەتەوەییەکانی کورد، لە گەڵ شەڕی رژیم لە کوردستان بە مەبەستی مانەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ دەخاتە یەک کاسەوە و بە یەک چاو تماشایان دەکات. دوو شت کە نە لە جینسی یەکن و نە هاوشێوەی یەکن!

بۆیە بە هیچ شێوەیەک و لۆژیکێک پێکەوە کۆ نابنەوە مەگەر بە لۆژیکی رێفۆرمخوازی حکوومەتی!

بەشی دووهەمی وتارەکەی ئەمین پوور کە هیچ پێوەندییەکی بە تەوەری بابەتەکەوە کە باس لە سەر رووداوەکەی مەهابادە، نیە و تەواوکەری پرۆژە سەرەکییەکەیە کە لە بەشی یەکەم هاتووە و ئاماژەم پێ دا، واتە سەرکوتی نەرم ئامێری بزووتنەوەی کورد. ناوبراو لەم بەشەدا دەپەرژێتە سەر ئەوەی کە کە لە باشوور سووکایەتی بە هێزەکانی رۆژهەڵات دەکرێ و هیچ وڵامیکیان بۆ ئەوە نیە و بەڵام بە چالاکانی ناوخۆ دەڵن \"خود فروختە و جاش\". واتە بە هێزەکانی ناو حکومەتی هەرێم ناوێرن و بە ئێمە کە لە لایەن رژیمەوە لە ژێر گوشارداین دەوێرن. ئەمە وای کردووە کە لە نێوان چالاکانی نێوخۆ و ئەو هێزە سیاسییانە \"شکاف\" پێک بێت.

لەم بارەیەوە ناوبراو دەڵێ \"اما این رویداد علاوه بر اینکه به آزمون مهمی برای بررسی رفتار سیاسی احزاب، گروه‌ها و فعالین سیاسی تبدیل شد، شکاف موجود میان احزاب و گروه‌های کُرد خارج از کشور و فعالین سیاسی و اجتماعی کُرد داخل را نیز بیش از پیش آشکار کرد.\"

تا ئێستا نە لە زاری بەرپرس و نە لە میدیای حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە، نەبیندراوە و نەبیستراوە کە بە چالاکانی سەربەخۆی ناوخۆ بگوترێ جاش و خۆفرۆش، ئەگەر نموونەیەک هەیە با جەنابی ئەمین پوور دەست نیشانی بکات! بەڵام ئەگەر مەبەست لە چالاکانی رێفۆرمخوازی حکوومەتی بێت سەرە رای ئەوەی کە شتێکی بەو شێوەیەش بەوان نەگوتراوە، بەڵام بە درێژایی تەمەنی رێفۆرمخوازانی حکوومەتیی ئێران ئەو \"شکاف\"ە هەیە! چونکە ئەم چالاکانە سەر بەو رژیمەن و خوازیاری ماناوەی ویلایەتی فەقێ و یاساکانی لە کوردستانن و هێزە کوردییەکانیش دژی ئەوەن. ئەوە کردەوەی ئەوانە کە بۆتە هۆی ئەو شکافە نە هێزە کوردییەکان.

ئەوەی کە ئەمین پور ئەمەی کردۆتە دەسمایە بۆ دژایەتی بزووتنەوەی کورد و دەڵێ ‌هێزەکانی رۆژهەڵات با وڵامی باشوورییەکان بدەنەوە و واز لە ئێمە بێنن، لە سەیر و سەمەرەکانی ناو رێفۆرمخوازەکانی ئێرانە! بارودۆخی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە باشوور هیچ جێی پەسند نیە و رۆژانە نە تەنیا رەخنە لەو حیزبانە دەگیردرێ بەڵکوو بە توندی رەخنەش لە هێزەکانی ناو حکوومەتی هەرێم دەگیردرێ. بە ڵام سەیروسەمەرەکە ئەوەیە کە ئەم رێفۆرمخوازانە دەیانەوێ بەوشێوە نووسینانە ئەو دەردەی کە باڵی توندئاژۆ پێیان ئەدات ساڕێژ بکەن و رقی خۆیان بە هێزە کوردییەکان بڕژێنن! واتە تۆڵەی تایی لە دۆڵاوی دەکەنەوە!

ئەمین پوور و هاوبیرانی لە سەر ئەو تانە و تەشەرانەی کە رۆژانە لێیان دەدرێ بێدەنگن، بەڵام لە حیزبە کوردییەکان دەخوازن وڵامی حکوومەتی هەرێم بدەنەوە. مەحموود ئەحمەدی نیژاد پێیانی وت \"خس و خاشاک\"، خامنەای وتی \"میکرۆب سیاسی و اجتماعی\" جەننەتی وتی \"انگل اجتماعی\" بەڵام متەقیان لێوە نەهات. دوای ئەو هەموو دەسدرێژییە سێکسییە لە کەهریزەک و ئێوین کرایە سەر ئەوان خەڵکانی دیکە، سەرۆکەکەیان وتی \"اگر به نظام و رهبری ظلم شده است به نفع آینده از آن چشم پوشی شود\".

کاتێک لایەنێک ئەو هەموو \"تحقیر\"ە لە نێو کارنامەکەیدایە چۆ دەتوانێ بڵی فڵانی تۆ بۆ لە بەرانبەر رێبەرانی ئەو وڵاتە کە سوکایەتیت پێ دەکن بێ دەنگی؟ ئەویش نە لە رووی دڵسۆزییەوە بەڵکوو بۆ گەیشتن بە مەبەستە سەرەکییەکە کە لە سەرە ئاماژەم پێ دا! جیا لەو هەموو سووکایەتییە، دەوڵەت \"تدبیر و امید\" کە دڵیان پێ بەستووە و دەڵن سەرکەوتین، رایگەیاند لە ناو کورددا کەسایەتییەک کە شیاوی پلەی پارێزگار بێ دەستمان نەکەوت بۆیە لە شوێنێکی دیکەوە پارێزگارمان هێنا بۆ کورستان! واتە ئەو هەموو ماستاوە بۆ حکوومەت دەگرنەوە و رژیم بۆ کوتانی بزووتنەوەی کورد کەڵکیان لێ وەر دەگرێ، بە هیچیشیان نازانن و هیچ پلە و پایەیەکیان پێ نادەن و لە ئەساسدا جێی متمانە نین! یانی تەنیا بوونەتە داردەسی رژیم بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی کورد و هیچی دیکە!

لێرەدا دەبێ بگوتری ئەو هەڵوێستەی رێفۆرمخوازەکان، وەک پرۆژەیەکی ئیستراتێژیکە، کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سەری کار دەکرێ و بەرنامەی سڕینەوەی گوتاری نەتەوەیی کردۆتە نیشانە. بە پێی ئەم پرۆژەیە رژیم دەیەوێ گۆتاری نەتەوەیی و بزووتنەوەی نەتەوەیی بسڕدرێتەوە و گۆتاری رێفۆرمخوازی کە سووپاپ ئیتمینانی کۆماری ئیسلامییە جێگای بگرێتەوە. بە داخەوە لایەنگەلێک لە هێزە کوردییەکانیش کەوتوونەتە ئەو داوەوە و خەریکن بە هەموو شێوەیەک یارمەتی بەو پرۆژەیە دەدەن. ئەم لایەنانە بە هەڵە پێیان وایە لە ئەگەری سەرکەوتنی رێفۆرمخوازەکان، گۆڕانکارییەک ئەوتۆ دێتە ئاڕاوە کە ئەمانیش دەتوانن بڕۆنەوە ناوخۆ ببنە بەشێک لە پرۆسەکە! بێ ئاگا لەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵ و لق و پۆپەکانییەوە دژی جووڵانەوەی کوردن و بە هەر شێوەیەک بۆیان بلوێ سەرکوتی دەکەن.

چووکترین کاردانەوەی پاڵپشتیی لایەنە کوردییانە لە رێفۆرمخوازەکان، شێواندنی سنووری شۆڕش و دژە شۆڕشە. کاتێک خەڵک دەبینێ کە هێزی کوردی لە پرۆژەی رێفۆرمخوازەکان پاڵپشتی دەکا، بە مانای چاک بوونی پرۆژەکە وەری دەگرێ! کە ئەمە دەبێتە هۆی وەلانانی هێزی کوردی و روو کردن لە رێفۆرمخوازەکان، چونکە پاڵپشتی هێزی کوردی لە پرۆژەی رێفۆرمخوازەکان، بە مانای تەییدی ئەوانە. ئەم پرسیارە دەخۆڵقێ کە گەلۆ ئەم پرۆژەی رێفۆمخوازانە دەبێ چی بێ کە هێزێکی کوردی دوای حەوت دەیە خەبات و ئەو هەموو شەڕە خوێناوییە، لێی پشتیوانی دەکات و بە بەژن و باڵایدا دەخوێنێ؟

ریفورمخوازی حکومەتی و فارس کە نزیک بە بیست ساڵە بانگەشەی رێفورم دەکات تا ئێستا چ گۆڕانێکی پۆزیتیڤی بۆ لاینگرانی پێک هێناوە و ئایا مۆدێلە سەقەتە کوردیەکەی دەتوانێ شتێکی زیاتر لە ئەوان بۆ کورد بکات؟

رەوتی ریفورمخوازی فارس ئەگەر توانی لە نەبوونی هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیونی راستەقینە لە ناو فارسەکان دا کەڵک وەربگرێ و ببێتە دەنگی زاڵ لە ناو تاراوگە نشینە فارسەکان دا، شتێکی زۆر سەیر نەبوو، هێزی پەرتەوازە بە دەوری هەر شتێک دا کۆ دەبێتەوە بەڵام بۆ ئۆپۆزسیونی کورد بە دەیان دەیە خەباتی تۆکمەوە چ پاساوێک هەیە بۆ ئەو بێ تواناییە لە خوێندنەوەی سیاسی و ئەو شێوە با دانەوە گەلە بەرەو لایەنێک و رەوتێک کە هەموو ئیمکاناتێکی حکومەتی لە بەردەست دایە تا دژایەتی ئەو بکات؟!

بە داخەوە تەنیا هۆکار دەتوانێ ئەوە بێت کە ئۆپۆزسیونی کورد سەرەرای ئەوەی کە لە باری ئەزموون و پێکهاتە و هەموو شتێکەوە بە روونی لە سەرەوەی ئۆپۆزسیونی فارسە بەڵام خۆ کەم بینی مێژووی وای کردوە خۆیان هەمیشە بە پاشکۆ ببینن و پێیان وا بێ گەر فارسی تاراوگە نشین بووەتە دواکەوتەی ئەکبەر گەنجی و سازگارا ئەوە ئەمانیش دەبێ هەر وا بکەن و وەدوای مۆدێلە کوردیەکانی ئەمساڵی گەنجی بکەون.

دیارە ئەوەش هەم شکستە بۆ خۆیان و هەم بۆ نەتەوەی کورد، شکستێک کە قەرەبوو کردنەوەی ئاسان نابێ.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە