\"پاژین\"، لە هەمبەر کوشتنی ئەسپەکان لە سنوورەکانی کوردستان، هاتە دەنگ

21:21 - 30 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی پاژینی شاری بانە، خوازیاری هەڵسووکەوتی یاسایی لەگەڵ تاوانبارانی کوشتنی ئەسپە بارهەڵگرەکانی کاسبکاران لە کوردستان بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی پاژینی شاری بانە، ڕایگەیاندووە کە لە کاتێکدا لە سووچێکی ئێراندا، بە شێوەیەکی بێبەزەییانە بەچکە ورچێک دەکوژن، ئەم کردەوەیە لە فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵاوهەنگامەیەکی دروست کردووە، لە هەمان کاتدا لە قوژبنێکی دیکەی ئەم وڵاتە، واتە کوردستان، بە هەمان شێوە بێبەزەییانە لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران، ئەسپی بێتاوانی کاسبکاران بە تەقە و گولـلە لەنێو دەچن.

ئەم ئەنجومەنە هەروەها دەڵێت: \"ئەمە لە حاڵێکدایە کە یاسا، پشتیوانی لە پاراستنی گیانلەبەران لە هەر جۆرە کردەوەیەکی نامرۆڤانە دژی ئاژەڵەکان دەکات و دەبێ ئەو کەسانەی کە ئەو کردەوە بەکار دەبن، بەپێی یاسا سزا بدرێن.\"

ئەنجومەنی پاژینی شاری بانە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی ژینگەپارێزی و ئەنجومەنە ژینگەییەکانی ئێران، هەنگاوی بە کردەوە سەبارەت بە بەکاربردنی هەڵسوکەتی نەشیاو لە دژی کوشتنی گیانلەبەران هەڵدەگرن.

لەم پەیوەندییەدا، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، لە هەمبەری کوشتنی ئەسپی کاسبکاران دژکردەی نیشان دا و ڕایگەیاندبوو: \"چۆن دەبێ ئەم زمان بەسراوە بێتاوانانە لە دادگای سەحراییدا، بکوژرێن.\"

ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار لەمبارەوە وتبوویان: \"ئەم کارە دەستدرێژییە بە گیانلەبەران و لە هیچ کوێی یاسادا ئاماژە بە کوشتنیان نەکراوە.\"