پاش ٨ ڕۆژ لە خنکانی هاووڵاتییەک، هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە

15:17 - 22 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە، کە حەتووی ڕابردوو، لە کاتی ماسیگرتن لە بەنداوی \"بنیەر\" خنکابوو، هەتا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ناجی تەخت‌فیرووزە\"، تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی گوندی \"باقلاوا\"ی ناوچەی کەڵانتەرزانی شاری سنە، پاش ٨ ڕۆژ لە خنکاوی ناوبراو لە بەنداوی بنیەر، هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، کاتژمێر ٤ی بەیانی بە مەبەستی ماسیگرتن ڕووی لە بەنداوی بنیەر کردبوو، لەو بەنداوە خنکاوە و بە هۆی نەبوونی کەرەستە و مەلەوان، هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

بنەماڵەی تەخت‌فیرووزە، بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیان، ماوەی ٨ ڕۆژە لەو بەنداوەدان، بەڵام کارەکەیان بێئاکام بووە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، داوا لە مەلەوانە شارەزاکان لە پارێزگاکانی کوردستانیان کردووە کە بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیان، بە هانایانەوە بچن .

نەبوونی ئیمکانات و مەلەوانی شارەزا و هەروەها قووڵیی بەنداوەکە، کە بە وتەی هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو ناوەندە لە هەندێک شوێندا لە سەرەوەی ١٠٠ مێتر دەبێت، بووتە هۆی نەدۆزرانەوەی تەرمی ناجی تەخت‌فیرووزە.

لەو پەیوەندییەدا، لایەنە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەت، هیچ هەوڵێکیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو لاوە کوردە نەداوە.