\"پاسکیل‌سوارانی\" پیرانشار، مەریوان و مەهاباد، ڕێزیان لە قوربانییانی کیمیابارانی سەردەشت گرت

15:20 - 7 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە \"پاسکیل‌سوارانی\" شارەکانی پیرانشار، مەریوان و مەهاباد، بە شێوەیەکی سەمبولیک، بە لێخوڕینی پاسکیل هەتا شاری سەردەشت، یادی کیمیابارانکراوانی ئەو شارەیان بەرز نرخاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی پووشپەڕ، بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت کە لە لایەن حکوومەتی پێشووی بەعسەوە کیمیاباران کرا، ژمارەیەک لە پاسکیل‌سوارانی شاری پیرانشار، بە شێوەیەکی سەمبولیک، مەودای ئەو شارەیان هەتا شاری سەردەشت، بە پاسکیل پێوا.

لەم پەیوەندییەدا، پاسکیل‌سوارانی شاری مەریوان، مەودای ئەو شارەیان هەتا شاری سەردەشت کە دەگاتە ٢٠٩ کیلۆمێتر، بۆ ڕێزگرتن لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی ئەو شارە، پێوا.

پاسکیل‌سوارانی شارەکانی پیرانشار، مەریوان و مەهاباد، بەبێ وەستان، مەودای ٩٣، ٢٠٩ و ١٢٠ کیلۆمێتریی نیوان ئەو سێ شارەیان هەتا شاری سەردەشت، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشت و مەحکوومکردنی ئەو کارەساتە، ڕاگەیاندووە.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە وەزشوانە بەناوبانگەکانی شاری پیرانشار بە ناوی\" هێمن شێخە\"، بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی کیمیابارانی شاری سەردەشت، بە پیادە، مەودای ئەو دوو شارەی بڕی.

ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کرا و لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ پاش کیمیابارانەکەدا، ١٤٠ کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانیان لەدەست دا.