پارێزەرێک بە شێوەی گوماناوی کوژرا

13:43 - 30 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەر و مافناسێکی ئابووری و ئەندامی کەمپەینی زاگرۆسی مێهرەبان، لە نزیک ماڵەکەی خۆی بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، دوکتور \"فەرشید هەکی\"، پارێزەر و مافناسی ئابووری و ڕاوێژکاری زانستی بڵاوکراوەی تاوتوێ ئابوورییەکان، بە شێوەی گۆماناوی کوژرا.

ماڵپەڕی \"انصاف نیوز\"، فایلی دەنگی یەکێک لە هاوکارەکانی دکتور فەرشید هەکی بە ناوی \"مدیری\" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەری هەیە کوژرانی ئەو مافناسە بە هۆی کێشەی شەخسی یان پەیوەندیدار بە دۆسیەی ڕاسپێدراوی \"وکالت\"، بوو بێ.

عەبدولڕەزا داوەری، لە نامەیەکدا بۆ دادستان نووسیویەتی کە \"هەکی\" بە شێوەی گوماناوی کوژراوە و پاش کوژرانی تەرمەکەی سووتێندراوە.

ئەو ئەندامەی کەمپەینی زاگرۆسی مێهرەبان، لە نزیک ماڵەکەی خۆی بە چەقۆ کوژراوە.

سێ مانگ پێش، ناوبراو لە دادنامەیەکدا، باسی لە پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان، پێشێلکردنی مافی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کردبوو.

هێندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان، باس لە کوژرانی دوکتور فەرشید هەکی لەلایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەکەن.