وەشانگەی باشوور لە ئیلام یەکەمین کۆڕە شێعری مانگانەی بەڕێوە برد

16:15 - 27 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین کۆڕە شێعری وەشانگەی باشوور لە ئیلام، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هۆگران و نووسەران بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی خاکەلێوە، یەکەمین دانیشتنی مانگانەی شێعری، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە شاعێران و نووسەران و هۆگرانی شێعر و ئەدەب لە نووسینگەی ئەو وەشانگە لە ئیلامدا بەڕێوە چوو.

لەو دانیشتنەدا، جگە لە خوێندنەوەی شێعر، بابەتگەلێکی جیاواز لە پێوەندی لەگەڵ شێعری کوردی، ڕەخنەی ئەدەبی و شێعری جیهان، لە لایەن \"خاوەن ڕاکانـ\"ـی ئەو بوارەوە وتووێژی لەسەر کرا.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا، ئەنجومەنی ئەدەبیی باشوور، سەرەڕای دەسخۆشی لە بەشداربووانی ئەو دانیشتنە، ڕایگەیاندووە: هیوامان وایە بە هاوکاری و هاورێیەتی هۆگران و نووسەران، دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجومەن پڕ نێوەڕۆکتر بەڕێوە بچێت.

سەرماوەزی ساڵی ٩٧، وەشانگەی \"باشوور\" بۆ چالاکیی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی خوارین (کەلهوڕی، لەکی، فەیلی و...) لە ئیلامدا مۆڵەتی وەرگرتووە و ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لە ئیلامدا دەستی بە کارەکانی کرد.