وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان: حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران لە خەباتی چەکداریدا، هاووڵاتییانی مەدەنی ناکەنە ئامانج

15:07 - 19 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان هوشداری داوە بە هاووڵاتییانی خۆی کە لە سەردانی هێندێک ناوچە لە ئێراندا، خۆیان ببوێرن.

وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە بەیاننامەیەکدا، هوشداری داوە بەو هاووڵاتییانەی خۆی کە مەبەستیانە سەردانی ئێران بکەن، لە هێندێک ناوچە وەک بلوچستان، خووزستان و کوردستان خۆیان بە دوور بگرن.

وەزارەتی دەروەی ئاڵمان لەو بەیاننامەدا ڕاگەیاندووە کە لە پارێزگاکانی بلوچستان و خووزستان شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە، بارودۆخی ئەو ناوچانەی نائەمن کردووە.

لەو بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ئاماژە بە بارودۆخی کوردستان کراوە و هاتووە: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٥دا شەڕ و تێکەڵچوونی نێوان حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیڕان ڕووی داوە و بارودۆخی ئەو ناوچەیە لە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە، نائەمنە.

وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان دووپاتی کردووەتەوە: حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران لە خەباتی چەکداریدا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و ناوەندە حکوومەتییەکان دەکەنە ئامانج و بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییانی مەدەنی و گەشتیاران ناکەنە ئامانج.

لەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: ئەو هێزانەی کە لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە کوردستان تووشی شەڕ و تێکەڵچوونی نیزامی دەبن، سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لەو شەڕ و پێکدادانەدا، ژمارەیەک لە هێزەکانی هەر دوو لا کوژراون و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە هۆی ئەو شەڕ و تێکەڵچوونانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، جێگیر کراون.

پاش دەستپێکردنی \"ڕاسانی ڕۆژهەڵات\" لە نەورۆزی ساڵی دا٩٥، لە لایەن حدکاوە، چەندین شەڕ و پێکدادان، لە کوردستان لە نێوان هێزەکانی ئەم حیزبە و سپای پاسداران، هاتووەتە ئاراوە.