وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابخانەکانی کوردستاندا بووەتە باو

13:06 - 7 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هەندێک لە قوتابخانەکانی شاری سەقز، بە زۆرەملێ داوای بڕی پارەی ١٠٠ هەتا ١٥٠ هەزار تمەنیان لە بنەماڵەی قوتابییەکان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابروودا و لە بەرەبەری هاتنی وەرزی سەرما لە شاری سەقز، چەند قوتابخانەیەکی شاری سەقز، داوایان لە قوتابییەکان کردووە کە بڕی پارەی ١٠٠ هەتا ١٥٠ هەزار تمەن بۆ قوتابخانە بهێنن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بیانووی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بۆ ئەو بڕە پارەیە، دابینکردنی پارەی گاز، ئاو و کارەبایە".

لەو پەیوەندییەدا، کۆمەڵناسێکی خەڵکی شاری سنە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە داخوازیی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بۆ ئەو بڕە پارەیە ڕایگەیاند: "بەپێی مادەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، هەتا کاتی تەواوکردنی قۆناغی دواناوەندی و هەتا چوونە زانکۆش، حکوومەت لە دابینکردنی تەواوی تێچووی قوتابخانە و قوتابییەکان بەرپرسیارە".

ئەو کۆمەڵناسە هەروەها ڕایگەیاند: "هەر لەم یاسایەدا، بەشێکیان بۆ جودا کردووەتەوە کە ئەگەر بنەماڵەی قوتابییەکان بیانهەوێت، بە شێوەی خۆخواز دەتوانن یارمەتیی قوتابخانە بدەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک حکوومەت بۆی نییە کە قوتابی ناچار بە هێنانی پارە بۆ تێچووی کەرەستەی گەرمکەرەوە بکات".

لە لایەکی دیکەوە، ئەندامێکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە ناوی "حەسەن ساڵحزادە"، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "مەسەلەی وەرگرتنی پارەی ئیجباری لە قوتابییان وەکوو بانێک و چەند هەوای لێ هاتووە. وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن لە ڕێگای بەخشنامەوە ئەم کارە بە یاساخ و نەشیاو دەزانێت. نوێنەرانی مەجلسی بە ناو شوورای ئیسلامی بە ڕواڵەت ڕادەگەیەنن هەر قوتابخانەیەک بە زۆر پارە بستێنێت لێی خۆش نابین و بە دواداچوونی یاسایی بۆ دەکەین".

ئەو ئەندامەی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران هەروەها وتی: "بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەڵێن کە لە ڕووی ناچارییەوە ئەو کارە دەکەین و دەوڵەت یارمەتیمان نادات. دەوڵەت ناوی لێ ناوە "کۆمەک هەزینە" کە هەر کەس دەبێ بە دڵخوازی خۆی بیدات".

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری جوانڕۆ، داوای لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە کردبوو کە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەزار تمەن لەگەڵ خۆیان بهێنن.

بەرپرسانی قوتابخانەی شاری جوانڕۆ بە قوتابییەکان ڕایانگەیاندبوو کە ئەو بڕە پارەیە تیچووی پارەی ئاو، کارەبا و گازی قوتابخانەیە و ئەم داواکارییەش ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو قوتابیانەی لێکەوتووەتەوە.