وەرزشکارانی کورد بەردەوام شانازی بۆ کوردستان مسۆگەر دەکەن

14:38 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: وەرزشکارێکی بەتوانای کورد توانی مێداڵێکی دیکە و شانازییەکی دیکە بۆ کوردستان مسۆگەر بکات و پێشکەشی کرد بە گەلی کورد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، د. ئارش عەلیمۆرادی کە ماوەیەک پێش ئێستا وەک باشترین خوێندکاری وەرزشکار لەلایەن زانکۆی تارانەوە هەڵبژێردرا، توانی لە کێبڕکێی قارەمانی ئێران لە بواری \"دێدلیفت\" پلەی یەکەم وەدەست بێنێت.

بەپێی ئەم هەواڵە ناوبراو ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ٩٧ی هەتاوی پاش بەشداری لە کێبڕکێکانی قارەمانی ئێران، لە بواری \"دێدلیفت\" لە دەستەی \"زۆرقورس\" توانی بەسەر هەموو ڕکەبەرەکانیدا سەرکەوێت و پلەی یەکەم و مێداڵی زێڕی ئەم کێبڕکێیانەی بۆخۆی مسۆگەر کرد و بەم چەشنە توانی جەوازی بەشداری لە کێبڕکێ جیهانییەکانی ئۆکراین و کێبڕکێ ئاسیاییەکانی هۆنگ‌کۆنگ بۆخۆی مسۆگەر بکات؛ ناوبراو لە پەیجی ئینستاگرامی خۆیدا ئەم مێداڵ و شانازییەی پێشکەش کردووە بە گەلەکەی و خاکی کوردستان.

د. عەلیمۆرادی پێشتریش پاش بەشداری کردن لە کێبڕکێکانی پاوێرلیفتینگ کە رێکەوتی ٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە تاران بەڕێوەچوو، توانی پلەی یەکەم وەدەست بهێنێت و مێداڵی زێڕ بۆ خۆی مسۆگەر بکات؛ ئەم کێبڕکێیانە کە لە نێوان ٣٢٠ وەرزشکاردا بەڕێوەچوو بۆ دیاریکردنی باشترینەکان بەمەبەستی بەشداری لە کاپی ئازادی ئۆرووپا ڕێکخرابوو کە تێیدا ناوبراو توانی پلەی یەکەم وەدەست بهێنێت.

ئارش عەلیمورادی، خەڵکی شاری سەقز، لە ساڵی ٥٩ی هەتاوی، لەو شارە لەدایک بووە؛ هەر لە هەڕەتی منداڵییەوە هۆگری وەرزش بووە و تا ئێستا چەندین مێداڵی گرینگی وەدەستهێناوە؛ ناوبراو هەڵگری بڕوانامەی دوکتورای تایبەت لە بواری فیزیۆلۆژی وەرزشییە.