وەرزشوانێکی مەریوانی پانتایی گۆلی زرێباری بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ژینگەپارێزیی بە مەلەکردن پێوا

14:15 - 9 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: پاڵەوانی مەلەکردنی ئێران، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی، پانتایی گۆلی زرێباری بە مەلەکردنی پێوا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەلاحەدین سەعیدپوور\" پاڵەوانی مەلەی ئێران، کە ٢٠ ڕۆژ پێش لەسەر گۆڕی شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی، میداڵەکانی خۆی پێشکەش بەوان کردبوو، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر لەو ڕاستایەدا، پانتایی گۆلی زرێباری بە مەلەکردن پێوا.

ئەم هەوڵە لە لایەن کۆمیتەی وەرزشیی چیا و سەلاحەدین سەعیدپوورەوە، بە مەبەستی پشتیوانی لە هەوڵە مەدەنییەکان بۆ ڕزگاریی زرێبار و زیندووڕاگرتنی یادی شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی ئەنجام دراوە.

ئەم هەوڵەی سەلاحەدین سەعیدپوور لە لایەن وەرزشوانان، ڕاهێنەران و ناوەندەکانی مەدەنی و بنەماڵەی باجوەر و کۆنەپۆشی پێشوازی لێ کرا.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەم شارە گیانیان لەدەست دا.

شەریف باجوەر لە ساڵی ١٣٩٦ بە دروشمی \"نەبوونی توندوتیژی ڕێگەی پیرۆزی مرۆڤایەتییە\"، لە دژکردەوەیەکی ناڕازییانە بە پاسکیل بەرەو تاران بەڕێ کەوت.