وێبلاگنووسێکی کورد، بەهۆی فشاری وەزارەتی ئیتلاعاتەوە زێدی خۆی بەجێهێشت

16:45 - 19 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: وێبلاگنووس و چالاکێکی کرێکاریی کوردی خەڵکی مەهاباد، لە ئەنجامی فشار و هەڕەشەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فایەق حوسێنی چالاکی کرێکاری و وێبلاگنووسی کورد، کەلە ماوەی رابردوودا چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کرابوو، بەهۆی فشاری مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

فایەق حوسێنی لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"ماوەی ١٠ ساڵە لە پرۆژە نەوتی و گازییەکانی عەسەلوویەی فازەکانی ٩، ١٠، پرۆژەی پیترۆشیمیی دوورگەی خارک، پرۆژەی (ئێن جی ئێڵ)ی و بووتان پرۆفانی دورگەی خارکی ئێراندا وەکوو سەرپەرستی پرۆژەکان کارم کردووە\".

\"21341.jpg\"
فایەق حوسێنی، چالاکی کرێکاری و وێبلاگنووسی کوردی خەڵکی مەهاباد
ئەو چالاکە کرێکارییە گوتیشی؛ کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوو (١٣٩٢)، بەهۆی ئەوەیکە ماوەی ٧ مانگ بوو هیچ جۆرە هەقدەستێکمان پێنەدرابوو، مانمان گرت و لە ئەنجامدا نە تەنیا وڵاممان پێ نەدرایەوە، بەڵکوو لەلایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر و لەو دوورگەیەش دەریان کردین و هەقدەستەکەیان خواردین\".

حوسێنی کە خوێندکاری ئەندازیاریی عومرانیشە، روونی کردەوە؛ بەهۆی ئەوەیکە لە وێبلاگەکەمدا باسی \"کێشەی کرێکاران لەگەڵ خاوەنکارەکان، بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران، مافیای سوپای پاسداران و پێشێلکرانی ئاشکرای مافی کرێکاران\"م کردووە، ٣ جار پاش خۆناساندن بە ئیدارەی ئیتلاعات، لێپرسینەوەم لێکراوە، کە دوایین جار پاش ئەوەی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کرام، بەهۆی هەست بە مەترسیی دەستبەسەر کرانم، رووم لە دەرەوەی وڵات کرد\".

ئەو وێبلاگنووسە کوردە، کە خێزاندارە و باوکی منداڵێکیشە، لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا و پاش بانگهێشت کران بۆ ئیدارە ئیتلاعاتی مەهاباد، رووی لە وڵاتی تورکیا کردووەو خۆی بە (یو ئێن) ناساندووە.