ئومید شامحەممەدی بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆنی ئازاد کرا

20:16 - 29 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی به دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی سەرماوەز، \"ئومید شامحەممەدی\" مامۆستای کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، \" لە دەستپێڕاگەیشتن به پارێزەر و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی\" بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پێش لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئومید شامحەممەدی و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ئەم مامۆستا کوردە، پاش دەستبەسەرکران بۆ گرتووخانەی قەرارگای سپای شارامفەری شاری سنه گوازراوەتەوە.

\"ئومید شامحەممەدی\" خاوەنی کتێب‌فرۆشیی \"زانکۆ\" لە دیواندەرەیە که بۆ چالاک کردنەوەی لقی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان لە دیواندەرە لە گەڵ چەند مامۆستایەکی تر ، لە گەڵ چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە سەقز دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبووە.