وردەکارییەکانی پرسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە+ وتووێژ

12:40 - 13 رێبەندان 2713

 

ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی رابردوودا باسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هاتە ئاراوە و ئەندامانی هەر دوولایەن بە گەشبینییەوە لە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە دەڕوانن و باس لە پێویستیی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە دەکەن.
رێکەوتی ٩ رێبەندان عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە تەلەفزیۆنی فەرمیی خۆیانەوە رایگەیاندبوو، کە بە گەشبینییەوە لە پرسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە دەڕوانێت و باسی لە چڕتربوونەوەی هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی کردبوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بۆ زیاتر روونکردنەوەی پرسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە لە گەڵ دوو ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دیمانەیەکی پێکهێناوە.

\"18143.jpg\"

 

ئەنوەر محەممەدی: کولاندنەوەی برینەکان قازانجێک بە کۆمەڵە ناگەیەنێت و دەبێتە لەمپەر لەسەر رێگەی یەکگرتنەوەدا

ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپا؛ گوتی: ئێمە لەسەر راسپاردەکانی کۆنگرەی ١٤ی کۆمەڵە بۆ پرسی یەکگرتنەوە بە کردەوە هەنگاو بنێین و لەو پەیوەندییەدا ئێمە یەکەمجار سەردانی هاوڕێیانی خۆمان کرد و بە فەرمی دانیشتنەکانمان دەستی پێکرد.

ئەنوەر محەممەدی گوتیشی لە پلەی یەکەمدا هەوڵەکانمان ئەوە بوو کە دردۆنگیی نێوانمان بڕەوینینەوە لە راستیدا بەو قەناعەتە گەیشتین کە باس لە رابردوو نەکەین و لەسەر ئەوە رێک بکەوین کە لە ئێستا و داهاتوودا چی بکەین.

هەروەها رەزا کەعبی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئێمە لە درێژەی کۆبوونەوەکانی دوو هەیئەتی دیاریکراو بۆ یەکخستنەوەی کۆمەڵە، نەخشە رێگەیەکمان پێشنیار کرد، کە تیایدا چاوپێکەوتنی دوو هەیئەتەکە حەفتانە بەردەوام بیت و کۆمیتەی ناوەندیی هەر دوولا دوو سمیناری هاوبەش بەڕێوە ببەن کە هەتا ئیستا هەر دوو سمینارەکە بەشێوەی هاوبەش بەڕیوەچوون.

کەعبی گوتیشی؛ لەو نەخشە رێگەیەدا گونجێندرابوو، کە بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەبێ لە میدیای یەکترەوە دەربکەوین و ئەگەریش لە ماوەی دانیشتنەکاندا پرسێکی سیاسیی گرینگ هاتە پێش، بە شێوەی هاوبەش هەڵوێست بگرین.

محەممەدی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە لە وڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا بۆ پرسی تێکەڵبوونەوە پێش مەرجتان هەیە، رایگەیاند؛ لە ساڵی ٢٠٠٧ کە جیابوونەوە رووی داوە، هەتا ئێستاش هیچ مەرج و پێش مەرجێکمان نەبووە و نییە.

محەممەدی سەبارەت بەوەی کە دەنگۆی ئەوە هەیە لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەدا بە فەرمی یەکگرتنەوە رابگەیەندرێت، گوتی: \" دانیشتنەکان هەتا ئێستاش بەردەوامن و من قەناعەتم وایە دەبێ لە کۆتاییدا یەکگرتنەوە روو بدات و بە رێکەوتنێکی نووسراوەی نێوان ئێمە بە ئەنجام بگات.

هاوکات رەزا کەعبیش رەتی کردەوە کە رۆژی ٢٦ی رێبەندان بە فەرمی هەر دوو لایەن ببنەوە بە یەک حیزب و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە دانێشتنەکان پێشکەوتنێکی بەرچاوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بۆ ئەوەی کە بە فەرمی ببینەوە بە یەک حیزب زۆری ماوە.

سەبارەت بە کۆسپەکانی سەر رێگەی یەکگرتنەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوەی خستەڕوو، کە ئێمە گرفتی سیاسی لە نێوانماندا نییە و تەنیا لەسەر چۆنییەتیی یەکگرتنەوە رێک نەکەوتووین و بەخۆشییەوە هەر دوولا ئیرادەیەکی بەهێزیان تێدایە کە ئەو مەسەلەیەش چارەسەر بکرێت.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتیشی، هیچ لایەکمان پێش مەرجمان بۆ یەکگرتنەوە دانیشتنەکان نەبووە و هەتا ئێستاش دانیشتنەکان بەبێ دەستپێشخەری و چاوەدێریی هیچ لایەنێکی سێیەم بەڕێوەچووە.

\"18142.jpg\"

رەزا کەعبی: ئەگەر ئەم یەکگرتنەوەیە حەرەکەتێکی بەرین و بزووتنەوەیەکی گەورەی لە کوردستانی رۆژهەڵات لێ نەکەوێتەوە، ناتوانێ دەرئەنجامەکانی باش بن

رەزا کەعبی گوتیشی، هەتا ئیستا لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان تەنانەت گفتوگۆ نەکراوە و هەتا رادەیەکیش هەڵوێستی سیاسیی جیاوازمان بەنیسبەت مەسەلە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران و پەیوەندی لەگەڵ ئەحزابی ئێرانیدا هەبووە.

ئەنوەر محەممەدی سەبارەت بە ناوی کۆمەڵە دەڵێت: ئێمە و ئەو هاوڕێیانە کە لەژێر ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا کار دەکەن هەر دوو لای ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیست هاتوویەنتە دەرێ و هەر دوولا خاوەن پرۆژی ساخکردنەوەی کۆمەڵە بووین و خاوەن رابردوویەکی هاوبەشین، بۆیە پێویست ناکات لەسەر ئەو مەسەلەیە قسە بکەین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە لە کۆنگرەدا بڕیاری لەسەردەدرێت وپێموانییە ئەو هاوڕێیانەشمان لەسەر ئەم مەسەلەیە ناکۆک بن.

هاوکات رەزا کەعبی لەو پەیوەندییەدا دەڵێت، ئێمە هەر لەسەرەتای دانیشتنەکاندا باسمان لەوە کردووە، کە ناوی کۆمەڵە و ناوی تەلەفزیۆنەکان دەبێ باسی لەسەر بکرێت و لەسەر ناوێک بۆ کۆمەڵە رێک بکەوین و هەمووشمان پێمانوایە دەبێ پێش یەکگرتنەوە لەسەر بەرنامە و پێڕەوێکی ناوخۆ و بەرنامە و رێبازی سیاسی رێککەوتنێک ئەنجام بدرێت.

زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان، کە ئەگەر حیزبەکان یەکبگرنەوە و بووژانەوەیەک لە حیزبەکاندا روو نەدات، سەرلەنوێ بەرەو ئاقاری پێشوو هەنگاو دەنێتەوە و ئەنجامێکی ئەوتۆ و بەرهەستی بەدواوە نابێت.

رەزا کەعبی لەو باوەڕە دەڵێت، ئەگەر ئەم یەکگرتنەوەیە حەرەکەتێکی بەرین و بزووتنەوەیەکی گەورەی لە کوردستانی رۆژهەڵات لێ نەکەوێتەوە، ناتوانێ دەرئەنجامەکانی باش بن، بۆیە حەول ئەدەین کە کۆمەڵە بگەڕێنینەوە ئەو دۆخەی کە لە پرسە سیاسییەکانی کۆردستانی رۆژهەڵاتدا ئەوپەڕی سەنگ و قورسایی و کاریگەریی هەبێت.

دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، حیزبی کۆمەڵە، کە رێکخراوێکی چەپ و سوسیالیستییە، لە رێکەوتی ٢٦ی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەفەرمی بوونی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانی ئێران راگەیاند.