وتووێژ/ بارودۆخی زیندانییانی سیاسیی زیندانی شاری سنە لە زاری زیندانییەکی سیاسی کوردەوە

21:56 - 12 خەرمانان 2718
زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی شار ی بانە لە بارەی خراپی بارودۆخی زیندانییانی بەشی ئەمنیەتی زیندانی شاری سنە بۆ ئاژانسی کوردپا دوا.

\"حسێن دانشمەند\"، زیندانیی سیاسیی کورد کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ئێرانی بەجێهێشتووە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا لەبارەی بارودۆخی زیندانییانی بەندی سیاسی لە زیندانی شاری سنەوە وتی : \"زیندانییانی ئەمنییەتی دوو بەشی زیندانییانی سیاسی و زیندانیانی مەزهەبی دەگرێتەوە، زیندانیانی سیاسی گیراو سەر بە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانن کە ئیزنی هاتوچۆ بۆ بەشی زیندانی فەرهەنگییان لێ سنووردارە و لە بواری دیدار و چاوپێکەوتنیشەوە چەندین یاسای تایبەتی هەیە کە ئیمکانی ڕەفاهییان زۆر کەمە\".

ناوبراو ڕایگەیاند: \"هاتوچۆی زیندانییانی سیاسی لە زیندانی سنە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ زۆر دژوار بووە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێری \"عەباسی\" بەرپرسی حیفازەتی زیندان و \"عەزیز حەیدەری\"، بەرپرسی زیندان دایە، ئەم دوو کەسە دەورێکی سەرەکییان لە ئازار و ئەشکەنجەدانی زیندانییاندا هەیە\".

بە وتەی دانشمەند ژمارەی زیندانییانی مەزهەبی لە زیندانی سنە چەند قات لە زیندانییانی سیاسی زیاترە.

حسێن دانیشمەند کە لە کاتی ماوەی زیندانییەدا لەگەڵ ، ڕامین حسێن پەناهی زیندانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام هاوبەند بووە دەڵێت: \"زیندانیانی سیاسی لە شاری سنە بە شێوەیەکی گشتی لەبواری ڕۆحییەوە لەژێر گوشار دان\".

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە درێژەدا ڕایگەیاند: \"زیندانییانی سیاسی لە ئێران بە تایبەتی لە کوردستاندا لە هەر جۆرە لێبوردنێکی گشتی لە لایەن ڕێبەری حکوومەتی ئێرانەوە بێبەشن\".

حسێن دانشمەند هەواڵی حەتوونامەی \"سیروان\" کە لە ژمارە ٩٩٠یدا که ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بڵاوی کردبووە کە ١٦٠ زیندانییانی ئەمنییەتی لە کوردستان لە لایەن ڕێبەری ئێرانەوە لێبوردنیان بۆ دەرچووە بە درۆ خستەوە و داوای کرد کە تەنیا ناوی ٥ کەس لەم زیندانییانە ببات کە لێبوردنی گشتیان بۆ هاتووەتوە\".

ئەم هەواڵە لە لایەن عەلی ئەکبەر گرەوسی، بەرپرسی گشتی دادگای شاری سنەوە بە نوێنەرایەتی ولی فقیه لە سنە بە ڕایگشتی ڕاگەیاندرابوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە داوا لە ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بەدواداچوون بۆ ئەم هەواڵە بکەن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد : \"حکوومەتی ئێران بەهۆی گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ لاڕیدابردنی بیر و ڕای گشتی ئەم هەواڵە درۆیانە بڵاو دەکاتەوە\".

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاند کە ڕێگە بە هیچ رۆژنامەنووس و هەواڵنێرێک نادرێت بچنە ناو زیندانی شاری سنە تەنانەت بۆ زیندانە نا ئەمنییەکانیش.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە زاری یەکێک لە ڕێبەرانی سەلەفیی بەندکراو لە زیندانی شاری سنە گوتی: \"سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران بە دزەکردن بۆ نێوە ڕەوتی سەلەفی و داعشییەکان لە کوردستاندا، بەرنامەڕێژی بۆ هەندێک چالاکی نیزامی و مەدەنی لە وڵاتە ئەوروپاییەکان و ئێراندا کردووە لەوانە : هێرشکردنە سەر گۆڕی ئیمام خومەینی، کە ڕێگەی بۆ دەسبەسەرکردنی فراوان و ئێعدامی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان خۆش کرد.

حسێن دانشمەند خەڵکی شاری بانەیە و لە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٥ لە لایەن حیفازەتی ئیتڵاعاتی سپای مەریوانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی شاری سنە ڕاگوێزرا.

ناوبراو بە تۆمەتی \"سیخوڕی، بێڕێزی کردن بە ڕێبەر و پشتیوانی کردن لە ئاوارەکانی کوردی سووریە\" لە لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە بەرپرسایەتی \"سەعیدی\" موحاکەمە کراوە و حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.