وانەکانی هەڵبژارنەکانی پێشوەختی پەرلەمانی تورکیا

12:58 - 11 خەزەڵوەر 2715
Unknown Author
مەجید حەقی

هەڵبژاردنەکانی پێشوەختی تورکیا و باکووری کوردستان بە ئاکامێکی دڵتەزێنەوە کۆتاییان پیهات. ئاکامی ئەو هەڵبژاردنانە بۆیە دڵتەزێن بوو، چونکە AKP و سیاسەتەکانی کۆنەپەرەستانە و دژە کوردەکانی بوو وتاری سەرکەوتووی سیاسەتی تورکیا و حیزبی دێموکراتیکی گەلان HDP زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی لە دەست دا. هەڵبژاردنەکانی پێشوەختی تورکیا یان ئەوەی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێی دەوت \"دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنەکان\" لە چەند لایەوە جێگای تێرامانن.

١. دوابەدوای ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا ئەردۆغان و حیزبەکەی کە دۆراوی گەورەی هەڵبژاردنەکان بوون نارەزایی خۆیان لەو ئاکامە دەربری و بە هەموو شێوەیەک هەوڵیاندا ئاکامەکانی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەک بگۆڕن کە لە لایەک حکوومەتی هاوبەش پێک نەیەت و لەلایەکی دیکەوە کەشی ئاسایشی تورکیا بە ئاقارێک ببات کە شەرێکی دیکە لە باکووری کوردستان دەست پی بکات. ئەنجامی سێ تیرۆر لە ئامێد، سرووچ و ئانکارا و رشتنی خوێنی سەدان کەس لە ئەنجامی هێرشە تیرۆریستیەکاندا تورکیا بباتە بەرەو دەروازەی شەڕی ناوخۆیی.

٢. دەستپێکردنی شەڕی چەکداری لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن پارتی کرێکارانی تورکیاوە و راگەیاندنی ناوچەکانی \"خۆبەرێوبەری دێموکراتیک\" بوو بە هۆی قووڵبوونەوەی شەڕی نێوان تورکیا و گەلی کورد دا و لە ئەنجامدا زۆرترین زیان لەو ماوەیەدا لە خەڵکی کوردستان و گەریلا و خەباتگێرانی کورد کەوت. ئەو شەڕە کە بەدنەدان و هاندانی ئەردۆغان دەست پێبوو، زۆرترین قازانجی بۆ ئەردۆغان و حیزبەکەی بەدواوە بوو و هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی ١.١١دا بینرا، لە زۆر لەو شوێنانەی باکووری کوردستان کە AKP دەنگەکانی لە دەست دابوو، نوێنەر بەدەست بێنێت و HDP دەنگەکانی کەم بکرێتەوە. هەر لەو کاتەدا AKP بە سیاسەتی شەرخوازانەی خۆی توانی دەنگێکی زۆر لە MHP بەدەست بێنێت و ببێتە یەکەم حیزبی تورکیا. باکووری کوردستان سەرەرای هەموو کێشەکان و سەرەرای سیاسەتی شەرخوازانەی دەوڵەتی تورکیا، لە هەلومەرجێکی وادایە کە دەکرێ بە بی شەڕی چەکداری و لە رێگای پەرلەمان و کۆمەڵگای مەدەنیەوە پرسی کورد بەرەو ئامانجی دڵخواز رێبەری بکرێت و پێویست ناکات چی دیکە وەک نەوەدەکان لاوی کورد ببێتە قوربانی ئامانجی ئایدیۆلۆجیک و شەڕخوازانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا.

٣. لە هەڵبژاردنەکانی ١.١١.٢٠١٥دا خەڵکی باکووری کوردستان رەخنەی توندیان لە پارتی کرێکارانی کوردستان گرت و بەداخەوە قوربانیەکەی پارتی دێموکراتیکی گەلان HDP بوو. هەرچەند لە گەڵ هەموو ئەو زیانانە دەکرێت تێپەرینی ئاستی زیاتر لە 10% دەنگەکان و چوونە پەرلەمان بۆخۆی سەرکەوتنێکی \"خۆراگرانەیە\" لە گەڵ ئەوەشدا HDP دەیتوانی بەهێزتر برۆتە ناو پەرلەمان و پرسی کورد بەهێزتر لە پەرلەمانی تورکیا بەرەو پێش ببات. خەباتی توندوتیژانە لە هەلومەرجێکدا کە رۆژهەڵاتی نێوەراست نوقمی کێشەکان و تەنگەژەی سیاسی و جڤاکی بووە لانی کەم لە باکووری کوردستاندا بە قازانجی پرسی کورد نیە. ئێستا کە HDP توانیویەتی ببێتە سێهەمین پارتی ناو پەرلەمانی تورکیە، جێی خۆیەتی رێگا بەو پارتە بدرێت سەربەخۆیانە و بە دوور لە بەرژەوەندی ئایدیۆلۆجیک و مەزنایی خوازی نوێنەرایەتی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بکات و ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش.

٤. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا، راستیەکی تاڵی دیکەشی دەرخست: کۆمەڵگای تورکیا و باکووری کوردستان کۆمەڵگایەکی بە زۆری کۆنسێرڤاتیڤ و نەریتخوازە. هەر حیزب و رێکخراوێک کە بیهەوێ لە کایەی سیاسی ئەو هەرێمەدا بەشداری بکات دەبێ راستیەکانی کۆمەڵگا و بەها هاوبەشەکانی ئەو کۆمەڵگایە لەبەرچاو بگرێت و ئامانجەکانی خۆی بەشێوەیەک دیاری بکات کە لە ناوەندی هێلی جەمسەرەکانی کۆمەڵگا بێت. ئەمە بۆخۆی ئەزموونێکیشە بۆ باشووری کوردستان و حیزبە لیبرالەکانی لە پێوەندی لە گەڵ کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئەو بەشەی کوردستان. کۆمەڵگا بە بێ ئامادەیی و بێ بەرز کردنەوەی ئاستی رۆشنبیری گشتی و زیاتر کردنی چینی ناوەندی لیبرال ناتوانێت بە دروشم و ئاواتی بریقەدار بگۆردرێت.

٥. ئاڵوگۆرەکانی سیاسی سووریا و دابەشینی هێزەکان لەو پێوەندیەدا شوێندانەر دەبێت بەسەر دەوڵەت و سیاسەتی تورکیاش، گرنگە کورد لە ئێستاوە بەجۆرێک ستراتێژی خۆی دابرێژێت کە بتوانیت بە باشترین شێوە کەڵک لە ناکۆکیەکانی قووڵی نەیانرانی ناوچەیی کوردستان لەوانە تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق وەرگرێت و ستراتێژیەک بگرێتە پێش کە ببێتە بەشێک لە بەرژەوەندیەکانی جیهانی و شەریکی دابەشکرانی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. HDP دەتوانێت لە پەرلەمانی تورکیادا ببێتە هۆی پاراستنی پارەسەنگی هێزە لە ئاستی تورکیا و کوردستان و لەو پێوەندیەدا هەوڵدان بۆ گەشەسەندنی ئەزموونی HDP لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی \"مەجلیسی شوورای ئیسلامی\" ئێران پێویستیەکی ستراتێژیک و هەنۆکەیی رێبەرایەتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.

پازێلی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستان بە شێوەیەکی لۆژیکی بەیەکەوە گرێدراوە و ئایدیۆلۆجیەکان جێگای خۆیان بە بەرژەوەندیەکان داوە. بۆیە ناشێ تەنیا لە سەر دروشمە کۆنەکان پێداگری بکرێت و رەوشی ئێستا لە چوارچێوەی ئەو دروشمانەدا لێک بدرێتەو.

ئەو بابەتە ڕا و سەرنجی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ناوەڕۆکەکەی بەرپرسیار نیە.