واشینگتۆن پۆست: حكوومەتی ئێران بە یارمەتیی پسپۆڕانی بیانی بە توانایی ئەتۆمی نزیك بۆتەوە

15:28 - 16 خەزەڵوەر 2711
كوردپا – رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە وتارێكدا لە زاری دیپلۆماتە رۆژئاواییەكانەوە بڵاوی كردۆتەوە، راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی دەریخستووە كە ئێران بە یارمەتیی بیرمەند و پسپۆڕانی بیانی لە توانی ئەتۆمی نێزیك بۆتەوە.

لەو وتارەی واشینگتۆن پۆستدا كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاو كراوەتەوە هاتووە: بەڵگە و داتاكانی ئاژانس دەربڕی ئەوەن كە ئێران توانیویە بەربەستە فەنییەكان لەسەر رێگای لاببات و بە یارمەتیی پسپۆڕێكی ئەتۆمیی یەكەیەتیی سۆڤیەتی پێشوو بەناوی\"وباچسلاو دانیلنكۆ\" و هەروەها كارناسانی كورەی باكوور و پاكستان لە توانایی ئەتۆمی نێزیك بۆتەوە.

رۆژنامەكە ئەوەشی زیاد كردووە، بەپێی ئەم بەڵگەیە دانیلنكۆ لە دەیەی 90ی زاییینەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە بواری تاقیكاریی ناوكییەوە لەگەڵ ئێران هاوكاریی كردووە و خۆیشی راستیی ئەم مەسەلەیەی بە كارناسانی ئاژانسی راگەیاندووە.

لێپرسراوانی ئەمریكا و ئیسرائیل بەردەوام جەختیان لەوە كردۆتەوە كە دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە توانایی ئەتۆمی لەگەڵ دەست پێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەكی ئەتۆم هیچ جیاوازییەكی نیە، چونكە هەركام لەوانە لەلایەن ئێرانەوە بە یەك ئاست هاوسەنگیی هێزەكان لە ناوچە تێك دەدات و ئاڵۆزی دێنێتە ئاراوە.

بڕیارە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا راپۆرتی تازەی خۆی لەبارەی چالاكییە ناوكییەكانی ئێرانەوە بڵاو بكاتەوە.

واشینگتۆن پۆست لە درێژەی وتارەكەیدا نووسیویە: بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییە نهێنیانەی كەلە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە ئاژانس گەیشتوون و بوونەتە هۆی زیاد بوونی نیگەرانییەكان، ئەوەیە كە ئێران هیچكات لایەنی نیزامیی بەرنامە ئەتۆمییەكەی خۆی رانەگرتووە و لەم بارەوە بەردەوام بووە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە ئەمریكا و هێندێ‌ لیپرسراوی دیكەی وڵاتان لەو باوەڕە دان كە ئێران لە ساڵی 2003وە بەهۆی زەخت و گوشاری نێودەوڵەتی چالاكییە نیزامییەكانی لە پڕۆژەی ئەتۆمیی وڵاتەكەی دەر هاویشتووە.

بەپێی زانیارییەكان چاوەڕوان دەكرێ‌ لە راپۆرتی ئاژانسدا ئاماژە بەو تاقیكارییانە بكرێ‌ كە ئێران مادەیەكی تەقینەوەی بەكار هێنابێت و چالاكییەكانی لەسەر چاشنییەكی ناوكی ئەنجام دابێت كە توخمێكی سەرەكیی چالاكییە ناوكییەكانە.

لە بەرامبەردا ئێران بەردەوان لەسەر ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامە ناوكییەكی پێداگری كردووە و هەڕەشەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پشت گوێ‌ خستووە.

بەپێی هەمان وتاری واشینگتۆن تایمز، راپۆرتەكەی ئاژانس دەری دەخات كە رەهەندی نیزامیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران كە پێشتر گومانی لەسەر بووە، \"بەرزە فڕانەتر، رێكخراوتر و سەركەوتووتر\" بەرەو پێشەوە چووە.