هەڵوێستی پ.ک.ک لەداهاتوودا دەبێتەچی لەبەرامبەر حیزبی دێموکرات‌دا؟

15:49 - 1 پووشپەڕ 2715
Unknown Author
حەمە جاف

پ.ک.ک بە هەر قیمەتێک هەبوو هاتە سەر میزی دیالۆگ و دانیشی بەوەدا نا کە لەهەموو بوارێکی. (سیاسی و دیپلۆماسی) لە حدکای مەزن و شکۆمەند لاوازتر و کزترە لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتووش‌دا خۆی فاکتەرێکی سەرەکی بێ بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی حدکا کە هیچ کات حدکای مەزن ئەو هاوکاریەشی ناوێ و قبووڵی ناکا چەن هۆکارێ هەیە کە بۆچی پ.ک.ک دانی بەوەدا نا بێتە سەر میزی دیالۆگ، کە سەرەڕای ئەوەش حدکا ڕایگەیاندبوو هاتنی بۆ سەر میزی دیالۆگ بە شەرتێک دەبێ کە باس لە پاشەکشە کردنی هێزەکانی نەکرێ! پ.ک.ک‌ش پێداگربوو لەسەر پاشەکشە کردنی هێزەکانی و لەسەر هەمان فکریەتی تەسک و بەرچاوتەنگی زەرەری گیانی بەحدکا گەیاند و لە کۆتاییش‌دا هاتە سەر ئەو باوەڕە کە ناتوانێ سەروەری بەسەر حدکادا بکا.

هۆکاری یەکەم : حیزبی دێموکرات بەهۆی نەدۆڕاندنی لە کاروباری دیپلۆماسی هیچکات نەبەزیووە و هەمووکات سەرکەوتوو بووە چوونکە خاوەن ئەزموونێکی ئێگجار زۆرە لە سیاسەت کردن‌دا.

هۆکاری دووەم: پ.ک.ک لەنێو هەموو حیزبەکانی کوردستان بەتایبەت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگرە زۆربەی لایەنگرانی خۆشی بەهۆی کاری قیزەونیەوە بوو بە لۆمەی هەمووان و تەنیا سەرشۆری بۆ مایەوە بۆیە گەیشت بە بونبەست و ناچار کرا دان بەوەدا بنێ کە بەڵێ لەبەرامبەر حدکای شکۆداردا زۆر لاوازە.

هۆکاری سێهەم: پێش بە هەڵبژاردنێک کە لە تورکیەدا کرا پ.ک.ک لە ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا چەواشەی ئەوەی کردبوو کە حدکا بەهۆی گوشاری پارتی و میتی تورکیە ڕەوانەی کێلەشین کراوە بۆ ئاژاوەنان و شێواندنی بارودۆخی هەڵبژاردنی هەدەپە، بۆیە بۆ هەمووان دەرکەووت کە هەواڵەکە ناڕاستە و هیچێک نیە بێجگە درۆ و دەلەسە.

هۆکاری چوارەم: پ.ک.ک دەزانێ کە حدکا خاوەن ئێعتبار و پێگەیەکی گەورەیە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا و ئەگەر ببێتە هۆی کۆسپ و لەمپەر لەبەرامبەر هێزەکانی حدکادا پێگەی جەماوەریان لاواز و ئەگەری ڕوخانیان و شکست هێنانیان ئەوەندەی تر چڕ و زەق دەبێتەوە، ئایا ئەم هەڵوێستەی پ.ک.ک (باوەڕهێنان بەدانیشتن) بەرامبەر بە حدکا دەستێک یان پیلانێکی چەپەڵی بەدواوە نیە؟ بۆچی لەم چەن ڕۆژەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ دانیشتنەکانی ئەو دوو لایەنە چەن کێشەوگرفتێک لەم ناوچانە ڕووی‌دا؟

وەکوو ئەوەی ئاگادارین پارتی ژیانەوەی کوردستان (پژاک) کە شاخەی سەرەکی پ.ک.ک‌یە لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕاکێشان و دوورکەوتنەوەی لاوانی خوێن گەرمی وڵات پارێز لە هێزە سەرەکیەکانی ڕۆژهەڵات درووست کراوە لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی بێ سەروبەرە هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکرات و ڕایگەیاند و ئاگاداریدا بەو لایەنانەی هەوڵی ڕەش کردنی بزوتنەوەی ئاپۆیی دەدەن لەلایەکی ترەوە و هەروەها یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) رایدەگەیەنێت کە کۆمارى ئیسلامى ئێران لە بەردەوامى سیاسەتەکانى دووبەرەکى ساز کردندا، دەستى بە ناردنى تیمى بەکرێگیراوى دژە پەژاک بە جل و بەرگى پێشمەرگەى حیزبى دیموکرات بۆ ئەو ناوچانە کردووە کە لە ژێر کۆنترۆڵى گەریلاکانماندایە‌و دەڵێت: \"بە تووندترین شێوە رووبەڕووى سیاسەتە چەپەڵەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەبینەوە؟! لە لایەکی ترەوە پ.ک.ک لە دەڤەری سیدنان نزیک بە زاخۆ دەستی بەسەر ٦٠گوندی ناوچەکەدا گرت کە ٤٥٪ ناوچە دەگرێتەوە.

ئایا واتای ئەم ڕستانە چۆن پێناسە و لێکدانەوە لەسەری دەکرێت؟ کێیە کە هەوڵی ڕەشکردنەوەی بزوتنەوەی ئاپۆیی دەدا؟؟

بە بۆچوونی من هۆی هەڕەشە کردنی پژاک بۆ سەر ئەو لایەنەی کە هەوڵی ڕەش کردنەوەی بزووتنەوەی ئاپۆیی دەدەن تەنیا حیزبە سەرەکیەکانی ڕۆژهەڵاتن بەهۆی گەڕاندنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات چیدی لاوانی خوێنگەرمی وڵات‌پارێز ناڕۆنە ماڵی بێگانە و لەسەر سفرەی کەس نان ناخۆن و دەگەڕێنەوە نێو ماڵەگەورە و سفرە پڕ نازو نێعمەتەکەی خۆیان بۆیە لێرەدا پژاک ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە خاوەن ماڵ و میوان داریێتی بەڕەچەڵەکی ڕەسەنایەتی دەکا کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتن. یەرەکە لەلایەکەوە هەڕەشە لە کەسانێک دەکا و بەشێوەیەکی توند جوابی ئەو کەسانە دەداتەوە کە جل و بەرگی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیان لەبەرە و لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ئەو هەڵوێستە پێشگیراوە!! بۆچی لەکاتێکدا کە حدکا و پ.ک.ک لە کۆبوونەوە دابوون و سازشیان دەکرد ئەم هەڵوێستانەی پ.ک.ک لە باشوور (سیدنان) پژاک و یەرەکە لە ڕۆژهەڵات گیرا لەسەرەتادا ئاماژەم بەوە کرد کە پ.ک.ک هەر دەبێ بێتە سەر میزی وتووێژ بۆیە لەلایەکەوە پژاک هان دەدا بەهەڕەشە کردن بۆ سەر پاک کەرەوانی بزوتنەوەی ئاپۆیی یەرەکە هان دەدا بۆ شەڕکردن لەگەڵ کەسانێک کە جلی پێشمەرگەی حدکایان لەبەرە هێزی سەرەکی خۆیی پ.ک.ک ناوچەکانی سیدنان داوڕ دەکا لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایە بۆیە حکوومەتی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی ناوچەکە و پاشەکشەکردن بە پ.ک.ک تەنیا یەک ڕێگەی چارەسەری هەیە ئەوەش داواکردن لە حیزبی دێموکراتە پاشەکشە بەهێزەکانی بکا تاکوو سیدنان بەدەست بێنێتەوە بۆیە پ.ک.ک ئەوکارەی کرد.

ئایا ڕۆشتنەوەی هێزەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ڕۆژهەڵات لە لایەن یەرەکە و پژاکەوە زیانی بەر دەکەوێ؟

بەدڵنیاییەوە بەڵێ چوونکە دەبنە هۆی کەمڕەنگ کردنەوەی بزوتنەوەی ئاپۆیی و وا دەنوێنن کە سەر بە ڕژێمن و جلی پێشمەرگەی دێموکراتیان لەبەرە و یەرەکە ڕایگەیاندووە کە بەتووندترین شێوە ڕوبەڕووی ئەو هێزانە دەبێتەوە کە جلی پێشمەرگەی دێموکراتیان لەبەرە بۆیە پێشتر ڕایگەیاندووە و خۆی بە بەرپرسیار نازانێ لەبەرامبەر هیچ کارەسات و هەڵوێستێک هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە پ.ک.ک دانی بە لاوازبوونی خۆیدا ناوە و ئاشبەتاڵی فیکری کردووە و لەهەموو ڕێگەیەکەوە لێی بڕوانین تەنیا ئەوە دەبینین کە بێجگە سوڕاندنەوە بەنێو بازنەیەکی بەتاڵ‌دا هیچی دیکەی لەدەست نایە بۆیە پ.ک.ک بەدرێژایی مێژوو سەلماندوویەتی لەکاتی داڕمان و شکست هێنانی لە پەیوەندی سیاسی‌دا پەنا دەبەنە بەر هەڵوێستی چەپەڵانەو دەستبەجێ هەڵوێست دەگۆڕن، بۆیە هێزولایەنەسیاسیەکانی رۆژهەڵات دەبێ ئاگاداربن لەوەی کە ێوی سیاسەتەکانی پ.ک.ک نەخۆن و ئامادەی هەر هێرشێکی پ.ک.ک بن لەداهاتوودا.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە