هەڵمەتی خوێندوومەتەوە_بیخوێنەوە، مێرمنداڵانیشی گرتەوە

16:13 - 29 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژە کار و چالاکی چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز بۆ هەڵمەتی من خویندوومەتەوە_بیخوێنەوە، مێرمندڵانی خەڵکی ئەو شارە، خەریکی خوێندنەوە و فێربوونی زمان و کتێبە کوردییەکانن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مێرمنداڵانی شاری سەقز، هەوڵی چۆنییەتی فەرهەنگی خوێندنەوە و فێربوونی زمانی کوردی بە منداڵانی کەم تەمەنتر لە خۆیان دەدەن.

ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، مێرمنداڵانی شاری سەقز لە یەکێک لە پارکەکانی ئەو شارە، بە هێنانی کتێبی وێژەی کوردی، هەوڵی فێرکردنی زمانی کوردی منداڵانی کەم تەمەنتر لە خۆیان دەدەن و دوایین چالاکییان لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە یەکێک لە فەزا سەوزەکانی گەڕەکی حەماڵاوای خوارووی ئەم شارە بەڕێوەبرد کە بە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی سەقز دەژمێردرێ.

یەکەمین هەڵمەتی \"خوێندوومەتەوە_بیخوێنەوە\"، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 31ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە یەکێک لە پارکەکانی شاری سەقز لە ڕاستای فێربوونی موتاڵا و هۆگری بە خوێندنەوە بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی ئەم هەلمەتە گشتییە لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە: هەڵمەتی گشتیی خوێندوومەتەوە_بیخوێنەوە هەڵمەتێکە کە لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی ٩٧دا بە بەجێهێشتنی بەرگێک کتێب لە پارکی شاری سەقز بە مەبەستی پەرە سەندنی زیاتری فەرهەنگی کتێب و کتێب‌خوێندنەوە دەستی پێکرد و پاش سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە و ڕەچاو کردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەم کارە بڕیارمان دا بە هاوکاری ئەنجومەنی فەرهەنگی هیوای زانست، شوێنێکی دیاریکراو لە پارکی شاری سەقز بۆ کتێبە خوێندراوەکانی خۆمان و خەڵک دیاری بکەین، تا هاووڵاتییان باشتر و ئاسانتر دەستیان بەو کتێبانە ڕابگات کە حەزیان لێیە یاخود پێویستیانە بیخوێننەوە.

بەڕێوەبردنی هەڵمەتی خوێندوومەتەوە_بیخوێنەوە، لە لایەن هاووڵاتییانی شاری سەقز، وەک چالاکییەکی فەرهەنگی خۆڕسک دەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە و هەر لەو ڕاستایەدا هەموو ئێوارەی ڕۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە لە شاری سەقز تەرخانکراوە بۆ خوێندنەوی کتیب لە پارکی ئەو شارە و تاکوو ئێستە بەمشێوەیە بەردەوامە.

ڕێکخەران و بەرێوەبەرانی هەڵمەتەکە ڕایانگەیاندووە: تاکوو ئێستا هەڵمەتی خوێندوومەتەوە_بیخوێنەوە لە شارەکانی کرماشان، مەهاباد، سنە، نەغەدە، بۆکان، دێولان بەڕێوەچووە و بڕیار وایە پاش تێپەڕ کردنی قۆناغەکانی ئیداری و ئامادەبوونی بەستێنەکان بەمزووانە لە شارەکانی بانە، پیرانشار، مەریوان، جوانڕۆ، ئیلام، شنۆ و دیکەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هاوکات لەگەڵ یەک هەڵمەتی گشتیی خوێندوومەتەوە_بیخوێنەوە بەڕێوەبچێت.