هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی شارەداریی بانە لەگەڵ کرێکارێک

16:11 - 31 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی شارەداریی شاری بانە، ناڕەزایەتیی کرێکارانی بەدواوە بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی شارەداریی شاری بانە، بەنیسبەت هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی شارەداریی ئەو شارە، ناڕازین.

یەکێک لە فەرمانبەرانی شارەداریی شاری بانە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسی شارداریی شاری بانە، لەگەڵ کرێکارانی هەڵسوکەوتی نەشیاوی هەبووە و هەروەها لە چەند مانگی ڕابروودا، لە پێدانی مووچەی مانگانەی کرێکارانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، خۆی بواردووە.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"لە ئەگەری مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانی شارەداریی بانە بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان، لە لایەن بەرپرسی شارەدارییەوە مۆرکی سیاسییان لێدەدرێت.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، کە شارەداریی بانە ٥ مانگە مووچەی کرێکارانی نەداوە و هەروەها ماوەی ٨ مانگە ئیزافەکاریی کرێکارانی نەداوە و لەو پەیوەندییەدا، چەندین کرێکار لە وڵامی ناڕەزایەتیدەربڕین بەو دۆخە، لە سەر کارەکەیان دەرکراون.

شاری بانە بە حەشیمەتی ١٥٨ هەزار کەسەوە لە ٢٧٠ کیلۆمێتری ڕۆژئاوای شاری سنە هەڵکەوتووە.