هەڵبژاردنەکانی پارلمانی وڵاتی سوید، بە بەشداریی کوردەکان بەڕێوە دەچێت+وتووێژ

21:05 - 22 خەرمانان 2714

 

ئاژانسی کوردپا: رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی سەرتاسەریی پارلمان و شۆرای شار و ئوستانەکانی وڵاتی سوید بە بەشداریی ژمارەیەک لە نوێنەری حیزبەکانی ئەو وڵاتە دەست پێدەکات.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەڵبژاردنی گەورەترین ناوەندی یاسادانان لە وڵاتی سوید بە رکابەریی لە نێوان دوو لایەنی سیاسیی حیزبەکانی ئیتلافی دەوڵەت و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سەوز و سوور و بە بەشداریی ژمارەیەک لە پالێوراوانی کوردی ئەندامی ئەو حیزبانە بۆ پارلمانی وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.

عەبدوڵڵا عەبدی پاڵێوراوی کوردی خەڵکی شاری ورمێ بۆ پارلمانی وڵاتی سوید لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەهۆی ئەوەیکە بیروبۆچوونی لە حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی وڵاتی سوید نزیک بووە، لەسەر لیستەی ئەو حیزبە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا دەکات\".

\"22051.jpg\"

 

عەبدوڵڵا عەبدی پاڵێوراوی کورد بۆ پارلمانی وڵاتی سوید

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، کە لەسەر لیستەی حیزبی سۆسیال دێمۆکرات لە پارێزگای Vastmanland بەشداری لە هەڵبژاردنی پارلماندا دەکات، باسی لەوە کرد؛ ئەگەر توانی ببێتە نوێنەر لە پارلمانی سوید، لەسەر پرسی بێکاری، پەنابەران، قوتابی و قوتابخانە و پەنابەران کار دەکات.

لە مانیفستی حزبی سۆسیال دێمۆکراتی وڵاتی سوید بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پارلمان، قوتابخانە و پەروەردە، و چارەسەر کردنی پرسی بێکاری لە وڵاتی سوید لەسەرووی هەموو بەرنامەو پلانی حیزبەکەیانەوە دەبێت.

عەبدوڵلا عەبدی کە ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، دەڵێت؛ بەهۆی نزیک بوونی پەیوەندیی لەمێژینە و قووڵی حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی سوید و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ماوەی ١٠ ساڵە بوومەتە ئەندامی حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی ولاتی سوید.

\"22049.jpg\"

شادیە حەیدەری

هەنووکە ٨ حیزبی چەپ و راستی سوید لە پارلمانی ئەو وڵاتەدا نوینەریان هەیەو لە ئێستادا بۆ سەرکەوتن و بەدەست هێنانی کورسیی زیاتر لە پارلماندا سەرقاڵی بانگەشەی تەبلیغاتین.

هەرچەند حەشیمەتی کورد لە وڵاتی سوید لەبەر دەستدا نییە، بەڵام چەندین چالاکی سیاسیی کورد لە بەشەکانی کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پارلمانی سوید خۆیان پاڵاوتووە و عەبدوڵڵا عەبدی، ئامینە کاکە باوە و شادیە حەیدەری لە کوردستانی ئێران و کوردۆ باکسی لە کوردستانی تورکیا و کەسێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لە سەر لیستی حیزبە سەوزەکان لەم خولەی هەڵبژاردنی پارلماندا بەشدارییان کردووە.

هەنووکە پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بەشە جیاجیاکانی کوردستان لە پارلمانی وڵاتی سوید ئەندامن و شادیە حەیدەری خه‌ڵکی کوردستانی ئێران، لەسەر لیستی حیزبی سوسیال دێمۆکراتی سوید لە شاری یوتبۆری ئەندامی پارلمانە و بۆ ئەم خولەش لە هەڵبژاردنەکان خۆی پاڵاوتۆتەوە.

\"22050.jpg\"

ئامینە کاکە باوە

حێزبی داهێنانی فمێنیستی، حیزبی دێمۆکراتی سوید، حیزبی دێمۆکرات مەسیحی، حیزبی ژینگە، حیزبی ناوەند، حیزبی رێفۆڕمخوازی بێ لایەن، حێزبی دێمۆکراتی ئاشتیوخواز، حیزبی دێمۆکراتی موستەقیم، حیزبی لیبراڵ، حیزبی سوسیال دێمۆکرات و حیزبی دێموکراسیی نوێو هتد ... لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن.

هەموو سیستمی بەرێوەبەریی وڵاتی سوید لە پارلمانی ئەو وڵاتەدا کۆ دەبێتەوەو پارلمان هێزی یاسادانان و بریاردانی تایبەت بەخۆی هەیە و پارلمانتار لە پارلمانی سوید، راستەوخۆ نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات.