هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لە لایەن بەرپرسی ستراتیژیی ئەمنییەتی میللی

15:34 - 3 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ستراتیژیی میللیی ئەمنییەتی بەردەوامی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران، هەڕەشەی لەنێوبردنی حیزبە کوردییەکانی کرد.

\"حەسەن ڕستگارپەنا\"، بەرپرسی ناوەندی ئەمنییەتی میللیی بەردەوامی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە لێدوانێکدا بۆ ئەندامانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، وێڕای هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاند کە عەرەبستانی سعوودی لە هاندان و ڕەوانەکردنی ئەم گرووپانە بۆ نێوخۆی ئێران، دەستی هەیە.

ناوبراو هەروەها وتی: \"لە مانگەکانی ڕابروودا، لەگەڵ چالاکبوونی باڵوێزخانەی عەرەبستان لە هەرێمی کوردستان، گرووپە تێرۆریست و جیاخوازەکانی کوردی، بەردەوام هاتوچۆی ئەو باڵوێزخانەیە دەکەن و پیلانە شوومەکان لەو ناوەندەوە وەردەگرن\".

جێگیری ناوەندی ستراتیژی ئەمنییەتی میللیی بەردەوامی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە قسەکانیدا ئیدعای ئەوەی کردووە کە سەرکێشییەکانی شازادەکانی سعوودیە و بەکرێگیراوی ئامریکا، بۆ هەموو ناوچەکە مەترسیدار بووە و لە ساڵانی ڕابرددوودا گرووپەکانی دژە شۆڕشیان بانگهێشت کردووە هەتا دژ بە ئێران کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدەن کە بە گیانفیدایی سەربازانی قەراگای حەمزەی سەیدوشوهەدا، ناکام ماوەتەوە.

\"حەسەن ڕستگار پەنا\" بە هەڕەشە کردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: \"دژە شۆڕشەکان باش دەزانن کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیهەوێت و ئیرادە بکات، لە تەواوی جوغرافیای کوردستانی عێراق ئەوان لەنێو دەبات. ماوەی ٤٠ ساڵە گرووپە کوردییەکان لە ناوچەکەدا، سەرکێشی دەکەن\".

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی گەلاوێژ، \"ڕەحیم سەفەوی\"، ڕاوێژکاری ڕێبەری حکوومەتی ئێران لە لێدوانێکدا لە شاری کرماشان ڕایگەیاند: \"سپای پاسداران تۆڵەی قورس لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەکاتەوە\".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: \"ئێمە داوا لە وڵاتی دراوسێ دەکەین بەپێی ڕێککەوتنەکان و بەڵێنەکان کە دەبێ پێبەندی بن، چاوەدێریی ئەو گرووپە دژبەرانە بکەن کە لە خاکی ئەواندا چالاکی دەکەن\".