هەڕاجکردنی میداڵی زێڕ بۆ منداڵانی بوومەلەرزەلێدراوی سەرپێڵی‌زەهاو

14:29 - 23 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: یاریزانێکی یانەی پێرپۆلیسی شاری تاران، میداڵە زێڕەکەی خۆی، بۆ منداڵانی لێقەوماوی شاری سەرپێڵی‌زەهاو هەڕاج کرد.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: لە ڕێوڕەسمێکدا، بە بەشداریی کادری فەنی باشگای پێرپۆلیس و ژمارەیەک لە کۆنە وەرزشوانەکان و هونەرمەندان، محەممەد ئەنساری یاریزانی ئەو تیمە، میداڵە زێڕەکەی خۆی بۆ منداڵانی بێ دایک و باوکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو هەڕاج دەکات.

لە کاتی هاتنی بوومەلەرزە، لە پارێزگای کرماشان بەگشتی و شاری سەرپێڵی‌زەهاو بەتایبەتی ١٤ منداڵ، دایک و باوکی خۆیان لە دەست داوە.

محەممەد ئەنساری، میداڵی زێڕی خۆی کە لە پاڵەوانیەتی لیگی ١٧هەمدا بەدەستی هێناوە، بۆ ئەو منداڵانە هەڕاج دەکات.

پێشتریش، شەهلا بێهرووزیڕاد وەرزشوانی کرماشانی لە کێبڕکێیە قارەمانەتییەکانی ئاسیا لە بەشی پاراکانو کە لە وڵاتی تایلەند بەڕێوە دەچێت، توانی لە کلاسی Kl3 پلەی دووهەمی ئاسیا بەدەست بیهێنێت و میداڵە زێوەکەی خۆی پێشکەش بە لێقەوماوانی بوومەلەرزە کرد.