هەوڵەکانی سپای پاسداران و ئیتلاعاتی بۆکان، نەیتوانی پێش بە هونەرمەندان بگرێت

15:09 - 15 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ١٢ هونەرمەندی شێوەکار لە شاری بۆکان، لە قۆناغ و ستایلی جیاوازدا، پێشانگایەکی شێوەکارییان لەو شارە بەڕێوەبرد کە لەگەڵ هەوڵی حکوومەت بۆ بەڕێوەنەچوونی بەرەوڕوو بوویەوە بەڵام هەوڵەکانی سپا و ئیتلاعات لەو شارە، بۆ بەرێوەنەچوونی ئەو پێشانگایە، بێئاکام بوو.

ڕێکەوتی ٨ هەتا ١١ی خاکەلێوە، پێشانگایەکی شێوەکاری کە پێکهاتبوو لە: وێنە، شێوەکاری، تەڕاحی، پەیکەرسازی و... و هاوکات بوو لەگەڵ دەسپێکی یەکەم گالێری ئەهلی و سەربەخۆی بۆکان بەناوی \"گالێری ئاڵ \"، لە لایەن ١٢ هونەرمەندی شاری بۆکان، کرایەوە.

لەو پێشانگایەدا، کە ئەزموونی چەندین ساڵەی هەر کام لەو هونەرمەندانە بوو، بووە مایەی سەرنجی هۆگران و هونەردۆستانی ئەم شارە و هەروەها میوانانی نەورۆزی.

هونەرمەندانی بەشداربووی ئەم پێشانگایە بریتین بوون لە:
مامۆستا مستەفا شێرزاد، محەممەد ڕۆستەمزادە(نامۆ)، ڕێبین حەیدەری، پەشێو نادری، هێمن قارەمانی، سەعید حەسەن زادە، کاوە شێخی، ئەرسەلان ڕۆستەم زادە، سەلمان بەهرام نژاد، چیمەن عەزیزی، ناسر ئەحمەدزادە و بێهزاد مۆهاجر بوون.

پێشەکی پێشانگاکە بە موسیقایەکی زیندوو لە هونەرمەندانی لاوی بۆکانی دەستی پێکرد و دواتر بە وتەکانی مامۆستا مستەفا شێرزاد و هونەرمەندان پەشێو و ڕێبین پێشانگاکە، دەستیپكرد.

لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگایەدا، سپای پاسداران و ئیتلاعاتی شاری بۆکان، هەوڵی ئەوەیان دابوو کە ئەو پێشانگایە بەڕێوەنەچێت و ڕێگرییان کردبوو، بەڵام بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە بێ گوێدان بە هەڕەشەکانی سپا درێژەیان بە کارەکانی خۆیان دا و هەوڵەکانی سپا و ئیتلاعاتیان بێئاکام هێشتەوە.