هەموومان دێموكرات و \"قادر كەریمی\"ن

14:21 - 5 جۆزەردان 2715
Unknown Author
بێستون هەورامی

سەرەتا مانشێتی ئەم بابەتەم بەو واتایە نیە كوتانی دەهۆڵی كوشتنی براكانم لاخۆش بێ‌، بەڵكوو لەم كاتەدا كە هەرێم دوچاری شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش و ئابڵوقەی دارایی حكومەتی بەغدا بە پیلانگێڕی ئێران بووەتەوە و هەروەها هەردوو حیزبی دێموکرات سەقاڵی دانوستانن بۆ یەكگرتنەوەیانن و بەهۆی دەست درێژی كاربەدەستانی ئێران بۆ سەر( فەریناز) لەمهابادو جۆرێك خۆپیشاندانی جەماوەری شارو شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەو هەروەها لەمانگی٣/٢٠١٥دا هێزێكی دژە تیرۆر بە بیانوی دەستگیكردنی تۆمەتبارێك بەكێشەی كۆمەڵایەتی هەڵی كوتایە سەر كۆمەڵگا نشینێكی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەشارۆچكەی كۆیە و بۆ ئەم مەبەستەش كۆی ئۆرگانە ئیداری و سەرۆكایەتیەكانی هەرێم بەدەنگهاتن، لەگەرما و گەرمی ئەو ڕوداوەدا لە ٩/٣/٢٠١٥دا بابەتێكم لەماڵپەڕی كوردپا بەناونیشانی( سەرەتای پیلانێك بۆسەر حیزبی دێموکرات یان دەستگیر كردنی تۆمەتبارێك) بڵاوكردەوە و بەڵام بەداخەوە لەبەرەبەیانی ١٢/٥دا لەمیدیاكانەوە گوێبیستی هێرشی چەكدارانی پەكەكە بوین بۆسەر پێشمەرگەكانی حیزبی دێموکرات!؟

ئەگەر چی بەو هێرشە پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دێموکرات لەسەر سنورەكانی ڕۆژهەڵات هیچ كەس و لایەنێك خۆشحاڵ نیەو بگرە لەم كاتانەدا وەك پیلانگێڕیێك هەژمار دەكرێ‌، چونكە لەئەمڕۆدا بەهۆی كاریگەری ئایدۆلۆجی و فكری وڵاتانی بەركەوتەی نەتەوەی كورد هێزە كوردیەكان لەئاست كوردستانی گەورەدا بەسەر بەرەی ئێرانینیزم و توركینیزم و ڕۆژئاوادا دابەش بون، لێرەدا جێگای خۆیەتی بپرسین پەكەكە بەم هێرشەیان لەغەیری دەركەوتنەوەی ڕوخساری شەڕەنگێزییان چ ئامانج و مافێكیان بۆ گەلی كورد بەگشتی بۆ برا كوردەكانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی پێكاو دەستەبەركرد؟

بە بڕوای من هێرشی پەكەكە دوو ڕوئیای هەبوو یەكەم : تۆڵەكردنەوەیەك بوو لەحیزبی دێموکرات كە لەسەروبەندی گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیدا هاوهەڵوێستی پەكەكە و بەرەی ئێرانینیزمی نەبوون و پێیان وابوو بارزانی شیاوترین كەسە بۆ سەرۆكایەتی كۆنگرەی نەتەوەی.

دووەم : ناچار كردنی حیزبی دێموکرات بوو بەشەڕ لەمەڕ تێكچونی پرۆسەی یەگرتنەوەی هەردوو دێموکرات كە بەتایبەتی حكوومەتی فەرەنسا چاودێریان دەكات، پەكەكە بەم هێرشەی نەك هەر دروشمی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی چوار پارچەكەی كوردستان و سنوری دەستكردی خستە ژێر پرسیارەوە بەڵكوو سیمایەكی بەكرێگیراوی خۆشی بۆ ئێران نیشانی كوردانی ڕۆژهەڵاتدا، بیانووەكانی پەكەكە بۆ هێرشەكەی جێگای گومان دوفاكتۆن چونكە پەكەكە لەڕۆژئاوای كوردستان ڕێگە بەهیچ پارتێكی كوردی دیكەنادا چەكدار یاخود هەر جۆرە چالاكیێكی دیكەی هەبێ‌، بەڵام لەكاتێكدا لەبارەی هێرشەكەیەوە سەرزەنشت دەكرێ‌باس لەنەبونی جیاوازی لەنێوان چوارپارچەكەی كوردستان دەكات ، بەڵام لەلایەكی دیكەوە چوونی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموکرات بۆ سنووری گەریلا بەمەترسی و پیلانگێڕی ناودەبات!؟

پێموایە هەموو لایەك لەنەرمە هێزی سیاسەتی حیزبی دێموکرات و تیژپەڕی و شەڕەنگێزی پەكەكە تێدەگەن ، چونكە حیزبی دێموکرات لەدوای ڕاپەڕینی١٩٩١ی باشورەوە وێڕای تیرۆركردنی( قاسملوو و شەرەفكەندی ) هەتا هەنووكە زۆرترین پێشمەرگە و كادری لەلایەن هێزە ئیسلامی و عیلمانیە كوردییەكانی پارێزگای سلێمانیەوە شەهید و ڕادەستی ئێران كراونەتەوەو، بەڵام حیزبی دێموکرات ڕەچاوی دۆخی هەرێم بەرژەوەندی نەتەوەیی كردووە و شەڕ و ڕێكاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو هێزانە نەگرتووەتەبەر، ئەم ئاماژەیە بەچاوگێڕانێك بەناو مێژی پەكەكەدا بەراورد بكەین ئەوا نەك هەر هیچ سەرفەنەزەرێكی ئەوتۆی تێدا نیە كە شایەنی باس و شانازی پێوەكردن بێ‌بۆ خۆیان و گەلی كورد بگرە لەماوەی زیاتر سێ‌دەیە خەباتیاندا ڕێگەیان بە بوون و ڕاگەیاندنی هیچ پارتێكی كوردی چەكدار لەدەرەوەی توركیا نەداوە، كەچی لەمیدیاكانیاندا باس لەدیموكراسیێكی عەیارە ٢٤ بۆ توركیا دەكەن، لەلایەكی دیكەوە ئەبێ‌ئەوەشمان لەبیر نەچێ‌حیزبی دێموکرات یادگاری پێشەوایە بۆ گەلی كورد و پێویستە لەم قۆناغەدا كەچاوەڕێ دەكرێ‌حیزبی دێموکرات پەرە بەیەكگرتنەوە و ڕێكخستنەكانی بدا لەڕۆژهەڵاتی كوردستاندا و لەپێناو ڕاگرتنی هێرشەكانی پەكەكە ئەڵێین هەموومان دێموکرات و\" قادر كەریمی \"ن.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە