٦٠٠ هەزار هاووڵاتیی پەراوێزخراو لە پارێزگای ورمێ بوونی هەیە

15:13 - 5 گەلاوێژ 2717
ئائژانسی کوردپا: ٦٠٠ هەزار هاووڵاتیی پەراوێزخراو لە شارەکانی ورمێ، میاندووئاو، بۆکان و مەهاباد و خۆی بوونیان هەیە، کە لەو پارێزگایە زۆرترین حەشیمەتی پەراوێز خراون.


بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ٦٠٠ هەزار هاوڵاتیی لە ٧٢ گەڕەک بە پانتایی سێ هەزار هێکتار لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی شارەکانی پارێزگای ورمێ دەژین و شاری ورمێ زۆرترین ڕێژەی هاووڵاتیی پەراوێزخراوی بۆ خۆی تەرخان کردووە.

عەباس حەسن خانی لە کۆبوونەوەی شوڕای شاری ورمێ ڕاگەیاند: کێشەی فەرهەنگی، بێهداشتی و خەدەماتی ناوچە پەراوێزخراوەکانی شاری ورمێ دەبێ لە لایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە بە جیددی بەدواچوونی بۆ بکرێت.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، چارەسەر کردنی هێندێک لەو کێشەی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەبێتە هۆی ئاوەدانی و لە دەرفەتە فەرهەنگی و ئابوورییەکانی شاری ورمێ بتوانین پیشە بۆ خەڵک دروست بکەین.

ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە کردن بە کەمی ئاو لەو پارێزگایە ڕاگەیاند: دەبێت شێوازی ژیان خەڵک ئاڵوگۆڕی بە سەر دابێت، هەتا لەگەڵ \"چالش\"ـەکانی قەیرانی کەمی ئاوی بەروڕوو نەبینەوە.

چالاکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو باوەڕەدان، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له‌ گونده‌کان و نه‌بوونی ژێرخانی ئابووری له ‌شاره‌کان وکۆچی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری گوندنشینان بۆ شاره‌کان، ده‌یان قه‌یرانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک (گه‌شه‌ی په‌راوێزنشینی(حاشیە نشینی) لادانه ‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی لێ دەکەوێتەوە.