هەرێمی کوردستان و سیاسەتی هەڵەی بەرانبەر بە دراوسێیەکانی

14:26 - 10 گەلاوێژ 2715
Unknown Author
مادح ئەحمەدی

تا ئێستا چەند جار بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیان بە چاوی کاربەدەستانی هەرێمی باشووری کوردستان و عێراقدا داوەتەوە کە گوایە هێزەکانی ئەوان نەیانهێشتووە هەولێر و بەغدا بکەوێتە دەستی داعش. ئەم هەڵوێست و لێدوانانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دژکردەوەی لایەنەکان و بەتایبەتی کوردی باشووری لێکەتووەتەوە. بۆ یەکەم جار \"ئەمیرعەلی حاجی‌زادە\" لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی سپای پاسداران لە کەناڵی \"دوو\"ی ئێران لە رۆژی یەکەمی پاییزی ساڵی رابردوودا رایگەیاند کە قاسم سلێمانی لەگەڵ ٧٠ کەس بەرەوڕووی هێزەکانی داعش بووەتەوە و نەیانهێشتووە بگەنە هەولێر.

دوایین جار رۆژی شەممەی(٢٥.٧.٢٠١٥) رابردوو \"حەسەن روحانی\"، سەرکۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکدا لە شاری سنە بە شێوەیەکی دیکە ئەو بابەتەی دووپات کردەوە و وتی:\" ئەگەر کۆماری ئیسلامی و هیزەکانی نەبوایەن ئەوا ئەمڕۆ هەولێر و بەغدا لە ژێر دەستی تیرۆریستەکاندا دەبوون\".
ئەم بابەتە کاردانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک کەسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە. بەتایبەتی ژمارەیەک لە رۆژهەڵاتییەکان لە روانگەی دژایەتی کۆماری ئیسلامییەوە هاتنە ناو بابەتەکە و بەبێ لەبەرچاو گرتنی سیاسەتی نادروستی هەرێمی کوردستان لە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، وەڵامی حەسەن روحانی و ئەو هەڵوێستانەی ئێرانیان دایەوە و داکۆکییان لە هەرێمی باشووری کوردستان کرد.

ئەگەر لانیکەم بگەڕێنەوە بۆ ساڵێک لەمەوبەر و چاوێک بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی بەرپرسانی هەرێمی باشووری کوردستاندا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو هەڵوێست و لێدوانانەی کاربەدەستانی ئێران بەرهەمی سیاسەت و مامەڵەی نادروستی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خۆی بەگشتی و بەتایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

ساڵی پار لەگەرمی هێرشەکانی داعشدا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، بەرپرسانی هەرێم بۆ خۆیان دەستەوداوێنێ کۆماری ئیسلامی بوون. لەم پێناوەدا دوای هەڕەشەکانی ئێران، بەرپرسانی هەرێم ئێوارەی رۆژی ٨.٨.٢٠١٤ بە بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (کە رۆژی ٧.٨.٢٠١٤ لەسەر داوای بەرپرسانی هەرێم هێزێکی رەوانەی بەرەکانی شەڕ دژی داعش لە مێحوەری گوێڕ و مەخموور کرد) راگەیاند کە هێزەکەیان بکشێننەوە. ئەمەش لەو کاتەدا وەک ئیمتیازێک و وەڵامدانەوەیەک بوو بەرانبەر بە داواکاری و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی. دیسان بۆ راگرتنی دڵی کۆماری ئیسلامی رۆژی ١٠.٨.٢٠١٤ \"مەسعود بارزانی\"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ حەسەنی روحانی سپاسی یارمەتی و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەهاناوە هاتنیان بەرانبەر بە تیرۆریستانی داعش کرد. هەر دوای ئەم نامە بوو کە \"مستەفا هیجری\"، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە تەلەفزیۆنی \"تیشک\"ـەوە لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە سپاسنامەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ سەرکۆماری ئێران رایگەیاند:\"نازانم حەسەن روحانی چ یارمەتییەکی داوە کە وا سپاسی دەکەن\".

لە درێژەی سپاسەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ کۆماری ئیسلامی، رۆژی ٢٦.٨.٢٠١٤ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی پرێس کۆنفراسێکدا لەگەڵ \"جەواد زەریف\"، وەزیری دەرەوەی ئێران دیسان سپاسی تایبەتی کۆماری ئیسلامی کرد و رایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی یەکەم وڵات بووە کە بەهانای خەڵکی کوردستانەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعشدا هاتووە و یارمەتیی کوردستانیان داوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە هەر لەم پرێس کۆنفراسەدا وەزیری دەرەوەی ئێران بێ رێزی بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و هەموویانی بە تیرۆریست لەقەڵەم دا، بەبێ ئەوەی لە پەراوێزی قسەکاندا و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەلایەن بارزانییەوە وەڵام بدرێتەوە.

بەم جۆرە دتوانین بێژین ئەو لێدوانانەی کۆماری ئیسلامی دروستە بەشێکی لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەکی نییە و بە جۆرێک سووکایەتییە بە هەرێمی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا، بەڵام بەشێکی زۆریش دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتیی مامەڵە کردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا. بەداخەوە سیاسەتی هەرێمی کوردستان لەم رووەشەوە سەرکەتوو نەبووە و نەیتوانیوە کەسایەتییەکی بەهێز بۆخۆی دەستەبەر بکا و لە پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا قورسایی کارتەکانی خۆی رابگرێ. تا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان سیاسەتێكی یەکگرتوو و بەهێز و دروست لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نەگرێتە بەر، بەم شێوە بێ رێزی پێ دەکرێ. تا ئەو کاتەی لایەنێک بەرەو ئێران و لایەنێک بەرە لای تورکیا هەرێمی کوردستان رابکێشێ و ئەو دوو وڵاتە تێکەڵ بە گەمە نێوخۆییەکانیان بکەن، هەرێمی کوردستان بە چاوی سووک سەیر دەکرێ و بەردەوام بینەری لێدوان و بێ ڕێزی لەم چەشنە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەبین. لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی هەرێم لە ناوخۆی کوردستاندا سیاسەتێکی یەکگرتوو بەرانبەر بە وڵاتانی دراوسێ (ئێران و تورکیا) دابڕێژن و لە پێشدا بەستێنێ ئەم بێ ڕێزی و سووکایەتی کردنانە لە ناوخۆدا نەهێڵن.

سیاسەتە هەڵەکانی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە ئێران و تورکیا، تا ئێستا نەتەنیا بە زیانی کوردی رۆژهەڵات و باکور بووە، بەڵکوو زیانی زۆریشی بە باشووری کوردستان و ئەزموونی دەوڵەتداری لەو پارچەیە گەیاندووە. ئەم سیاسەتە هەڵەیە بووەتە هۆی ئەوەی باشوور بەردەوام لە جۆرێک قەیران و شڵەژاندا بێ. هێنانە ناوەی ئێران و تورکیا و تێکەڵ‌کردنیان بەگەمە نێوخۆییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی باشوور بەردەوام ناسەقامگیر بێ و مەترسی دوو ئیدارەیی وەک مۆتەکەیەک بەردەوام سێبەری بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو پارچەوە هەبێ.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەداخەوە تا ئێستاش درێژە بەم سیاسەتە هەڵەیە دەدەن و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان لە گەمە لەگەڵ یەکتردا، باز بەسەر بەرژەوەندیی پارچەکانی دیکەدا دەدەن و دەستەوداوێنێ تورکیا و ئێران دەبن. نموونەکانی بازدان و مامەڵە کردنی بەرپرسانی حیزبە سەرەکییەکانی باشوور لەسەر بەرژەوەندیی کورد لە رۆژهەڵات و باکور زۆرن و روونن. تا ئەم سیاسەتە هەڵەیە بەردەوام بێ، بەگشتی هێزەکانی ئەو دوو پارچەیە (بەتایبەتی رۆژهەڵات) دەبێ زۆر وریا بن و لەمە زیاتر باجی ئەو سیاسەتە هەڵانە نەدەن و رێگا نەدەن بەرژەوەندیی کورد لە رۆژهەڵات و باکور ببێتە قوربانی ململانێیە ناوخۆییەکانی باشوور.

پێوەندیی لەگەڵ ئێران و تورکیا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان شتێکی پێویست و ئاساییە. لێرەدا چۆنیەتی پێوەندییەکە و دروست کردنی هاوسەنگی لەو نێوانەدا جێگای تێڕامانە، کە بەداخەوە بەرپرسانی باشوور تا ئێستا گرنگییان پێ نەداوە و نەیاتوانیوە لەو پێوەندییانەدا باڵانسێک دروست بکەن و رایبگرن. بەرپرسایەتی ئەم سیاسەتە هەڵەیەش بە پلەی یەکەم لە ئەستۆ یەکیەتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بەداخەوە بناغەی ئەو پێوەندییانەیان خراپ داڕشتووە و سەرەڕای زیانەکانیشی لە ململانێی لەگەڵ یەکتردا، هەر درێژە بەو رەوتە چەوتە دەدەن. زیانەکانی ئەم پێوەندییە هەڵانە، رۆژانەی لە سووکایەتی کردن بە باشووری کوردستان و تێکدانی ناوماڵی باشوور و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی کورد لە پارچەکانی دیکە دەبینین و لە مێژە ئەو زەروورەتە هاتووەتە ئاراوە کە پێویستە رێگا لەم جۆرە سیاسەت کردن و مامەڵە کردنە بگیردرێ.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە