٢٥ هێکتار لە لەوەڕگە و باخەکانی تیکاب لە ئاگردا سووتان

14:19 - 23 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئاگرکەوتنەوە لە شاری تیکاب، لەنێوچوونی ٢٥ هێکتار لە لەوەڕگە و باخەکانی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

\"مەحموود زەمانی\"، فەرمانداری شاری تیکاب، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"٢٥ هێکتار لە لەوەڕگە و باخەکانی دەوروبەری شار، بەهۆی کەمتەرخەمی، لە ئاگردا سووتان\".

ناوبراو لە درێژەدا وتی: \"ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە نزیک زەوییەکانی نەسرینپووری شاری تیکاب ڕوویداوە\".

سەرەڕای سووتاندنی لەوەڕگەکان و ڕێژەیەکی زۆر \"کا\"ی کۆکراوەی جووتیاران، باخەکانی ئەو دەوروبەرەش خەساریان بەرکەوتووە.

لە ئەمساڵدا، ئاگرکەوتنەوە و ئاگربەردان لە کوردستان، خەسارێکی زۆری بە ژینگە و باخ و بەرهەمی جووتیاران گەیاندووە و بەرپرسانی حکوومەتیش، نە بۆ پێشگیری و نە بۆ قەرەبووکردنەوە، هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.