هێشتا هۆکارێکی ڕوون بۆ دەسبەسەریی \"زارا محەمەدی\" ڕانەگەیەندراوە

21:34 - 22 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" بە هۆکاری ناڕوون، لە گرتنگەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، هەتا ئێستا ناوەندە ئیتلاعاتی و قەزاییەکان، هۆکارێکی ڕوونیان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕانەگەیاندووە.

بنەماڵەی ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا پێداگرییان لەسەر بێتاوانیی \"زارا محەمەدی\" کردووە و ڕایانگەیاندووە: \"هێشتا هۆکاری گیران و هەروەها چ چارەنووسێک لە چاوەڕوانیی ناوبراودایە، ڕانەگەیەندراوە.\"

ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە هەوڵدان بە بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک، \"زارا محەمەدی\" بە \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، تاوانبار بکەن، بەڵام بنەماڵەی محەمەدی دەڵێن: \"زارا بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسیدا نییە و نەبووە\".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا چارەنووسی \"زارا محەمەدی\" ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، پاش ٧ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.