هێزە ئەمنییەتییەکان، ڕێگرییان لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی \"محەمەد سەلاس\" کرد

15:02 - 28 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکان، ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی \"محەمەد سەلاس\"، یەکێک لە دەروێشەکانی گۆنائابادیی نیعمەتوڵڵاهیی ئێعدامکراو، کرد.

\"عەلی سەلاس\"، کوڕی \"محەمەد سەلاس\"، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: \"سەرەڕای ئامادەکاری بۆ ساڵوەگەڕی ڕێوڕەسمی محەمەد سەلاس و بەڕێکردنی هەموو بانگهێشتنامەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان ڕاگەیاندین کە نابێ ئەو ڕێوەڕەسمە بەڕێوەبچێت.\"

ناوبراو لەو بەیاننامەیەدا، دەڵێت: \"سەرەڕای گرتنی تالار و ئامادەکاری بۆ ئەو ڕێوڕەسمە و ڕێگریکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان لەو ڕێوڕەسمە، ئێمە وەک بنەماڵەی سەلاس، ناڕەزایەتیی خۆمان دەردەبڕین و لە ڕێگای ئەو بەیاننامەیەدا، دەڵێین کە زوڵم و زۆر بەسە.\"

ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ٩٧، حوکمی ئێعدامی \"محەمەدڕەزا سەلاسی باباجانی\"، یەکێک لە دەروێشەکانی گۆنائابادیی نیعمەتوڵڵاهی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، جێبەجێ کرا.

ناوبراو، بەوە تۆمەتبار کرابوو کە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی نێوان دەروێشە گۆنابادییەکان و مەئموورانی ئینتزامی لە شەقامی پاسدارانی شاری تاران، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتووبووس، سێ کەس لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی کوشتووە.