هێزە ئیتلاعاتییەکانی ورمێ، هاووڵاتییەکی شنۆیان دەسبەسەر کرد

15:21 - 29 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عادڵ سالم‌ فەرد\"، کوڕی سەنعان، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، \"جوبرەئیل سالم فرد\"یان لەگەڵ \"عادڵ\" دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ناوبراویان ئازاد کردبوو.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەریدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجە درابوون.\"

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی \"عادڵ سالم فەرد\"، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

\"جوبرەئیل و عادڵ سالم فەرد\"، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی قورس لە گرتنگە ئازاد کرابوون.