‌هێزە ئیتلاعاتییەکان پێنج لاوی کوردیان لە نەغەدە و خۆی دەستبەسەر کرد

21:52 - 8 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر بە دەستەوە گرتنی پۆستی سەرکۆماری لەلایەن حەسەن رۆحانییەوەو بەڵێنییەکانی ناوبراو لەمەڕ دەستبەسەر کردن و زیندانی کردنی هاووڵاتییان، دەستبەسەر کردن و بێسەروشوێن کردنی لاوانی کورد هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو لاوی کوردی خەڵکی گوندی چەقەڵ مستەفا لە ناوچەی نەغەدە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و پاش ١٠ رۆژ لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە رەوانەی زیندانی ناوەندیی نەغەدە کراون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەغەدە ناوی ئەو دوو لاوە کوردەی (ئاکام بەلەدە) تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی عەلی و (ئەمیر بۆرە) تەمەن ١٩ ساڵ و کوڕی حەسەن راگەیاندووە، کە رێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ دەستبەسەر کراون.

\"21208.jpg\"
هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئاکام بەلەدە هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو لاوە کوردە بۆ بەندی ١ی زیندانی نەغەدە گوازراونەتەوەو هەتا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەر کرانیان روون نەبۆتەوەو هەروەها ئیزنی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان پێ نادرێت.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ سێ لاوی کوردی خەڵکی ناوچەی ئەلەندی سەربە شارستانی خۆی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەناوەکانی محەمد میلانی، تاجەدین مەمکانی و سەلمان عێراقی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

دەگوترێت، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو سێ لاوە کوردەیان بە تۆمەتی لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کردووەو بۆ شوێنیکی نادیاریان راگواستوون.

بە گوتەی هاووڵاتییان، محەمەد میلانی پشتریش بە هۆی بەدەستەوە گرتنی ئاڵای کوردستان لە زەماوەندێکی ناوچەی (کوتول)ی سەربە شارستانی خۆیدا، دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

فشار و دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد لە کاتێکدایە، کە حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی سەرکۆماریدا رایگەیاندبوو، زۆرێک لە تاوانەکان بە هۆشداری دانێک چارەسەر دەبن و هەڵسووکەوتی توندو تیژ رێگە چارە نییە.

رۆحانی گوتبووشی، ئەگەر دروشمێکی توندیشیان دا، خۆ کەسیان نەکوشتووە، کەس لەسەر دروشمێک رەوانەی زیندان ناکرێت.

وتەکانی رۆحانی لە کاتێکدایە، کە لە دەوڵەتی رۆحانیدا نە تەنیا دەستبەسەر کردن و زیندانی کردنی هاووڵاتییان رووی لە کەمی نەکردووە، بەڵکوو بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی‌نەژاد رووی لە زیادبوونیش کردووەو تەنانەت زۆربەی ئەو کەسانەشی دەستبەسەر کراون، هۆکاری دەستبەسەرکرانیان روون نەبووە.