هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری کامیاران، هاووڵاتییەکی کوردیان دەسبەسەر کرد.

14:14 - 11 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی گوازرایەوە


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری کامیاران، هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد و نابراویان دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران، شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوەی بە ناوی \"محەممەد قوبادی\" کوڕی ئەحمەد ڕاگەیاندووە.
دەگوترێ، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

پێشتریش، هێزە ئیتلاعاتییەکان برایەکی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە ناوی \"ئیقباڵ قوبادی\" لەگەڵ دوو کەسی دیکە دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا لە گرتووخانە دان.

هێزەکانی ئیتلاعات، هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" ڕاگەیاندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی \"سلێمان میرزایی\" کوڕی ئەبووبەکر لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕانەگەیاندووە و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناڕوونی ماوەتەوە.