هێزە ئیتلاعاتییەکان بەدوای دەسبەسەرکردنی چالاکێکی ڕاگەیاندنکارن

23:03 - 11 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بەدوای دەسبەسەرکردنی چالاکێکی ڕاگەیاندنکاردان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەکە هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ دووهەمین جارە، بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی چالاکێکی ڕاگەیاندنکار، بە ناوی \"کاوان سەجادی\" هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو، بەڵام لە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرکەوتوو نەبوون.

بە وتەی یەکێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان، لە سەرەتای سەرماوەزی ئەمساڵەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسیی کاوان سەجادی و پاش پشکنینی ماڵی ناوبراو، هاوژینەکەی \"فەهیمە زەندیـ\"ـیان دەسبەسەر کردووە و بە مەبەستی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان گواستووەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: ئەمە دووهەمین جارە، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسیی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بۆ یەکەمجار هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ٢١ی ڕەزبەری ئەمساڵدا، هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان داوە، کە پاش پشکنینی ماڵی کەسیی ناوبراو، کامپیوتێر و کتێبە کەسییەکانی کاوان سەجادیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە باسی لەوەش کردووە، لە کاتی دەسبەسەرکردنی فەهیمە زەندییەوە هەتا ئێستە، لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. بنەماڵەی زەندی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە، کە پێیانیان ڕاگەیاندووە، چەند ڕۆژی دیکە کچەکەیان ئازاد دەکرێت.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هیچ هۆکارێکیان بۆ دەسبەسەرکردنی فەهیمە زەندی باس نەکردووە و هاوژینی ناوبراو بە تاوانی هاوکاریی لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی دەرەوەی ئێران و ناردنی فیلمی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان، لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ژێر چاوەدێریی هێزە ئیتلاعاتییەکانە.

شایان باسە، کە برایەکی کاوان سەجادی، بە ناوی \"ئیرج سەجادی\" ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کاتی شۆفێریدا لە نێو ماشینی کەسیی خۆی وەبەر دەسڕێژی گولـلەی هێزە ئیتلاعاتییەکان کەوت و گیانی لە دەست دا.

دواتر هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕایگەیاندووە، کە ئیرج سەجادی، لە نێو ماشێنەکەیدا تراکت و کتێبی پێوەندیدار بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانی گواستووەتەوە.

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن، کە دەسڕێژکردن بەرەو ئیرج سەجادی لە حاڵێکدا بووە، کە هیچ چەکێکی پێ نەبووە کە دەسڕێژکردنی بەرەو لای ناوبراوی لێ بکەوێتەوە.