هێزە ئیتلاعاتییەکان بێڕێزی بە مامۆستایانی سوننی مەزهەب دەکەن

16:14 - 19 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری پیرانشاردا، بێڕیزیان بە مامۆستایانی سوننی مەزهەبی ئەو شارە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، پاش ڕاگەیاندنی جێژنی ڕەمەزان لە لایەن مامۆستا \"ئەسعەد حەسەنی\" و مامۆستا \"نوورەدین واژی\" لە شاری پیرانشاردا، ئەم مامۆستایانە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بێڕێزیان پێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە خەڵکی گوندی \"خۆرنجـ\"ی شاری پیرانشار، کە مانگیان دیتبوو، لەگەڵ مامۆستا \"ئەسعەد حەسەنی\"، پێشنوێژی هەینیی ئەو گوندە، سەردانی مامۆستا \"نوورەدین واژی\"، موفتیی گەورەی ئەو ناوچەیەیان کرد و پاش گۆڕینەوەی بیروڕا، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی جۆزەردانیان وەکوو ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان ڕاگەیاند.

\"\"مامۆستا نوورەدین واژی
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"پاش ڕاگەیاندنی جێژنی ڕەمەزان لە شاری پیرانشاردا، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مامۆستا ئەسعەد لە گوندی خۆرنج و سەرەڕای بێڕێزی بە مامۆستا ئەسعەد، بێڕێزیشیان بە مامۆستا \"نوورەدین\" کردووە.\"

لە دژکردەوەی ئەم هەوڵەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، \"محەمەد جەماڵەدین واژی\" ڕایگەیاندووە: \"لە لایەن بەرپرسانی دڵسوزی ئەم ناوچەیەوە داواکارم کە هێڵی سوور بۆ هەندێک کەسی توندڕەو و خۆسەر دابنێن کە ڕەنگ و بۆنی سیاسی بە هەموو پرسەکان نەدەن و هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بە جیاخوازی و ڕووخاندن، شرۆڤە نەکەن\".

ناوبراو هەروەها داوای لە مامۆستایانی کورد کردووە کە لە ڕاستای پشتبەستن بە مادەی سەرەکیی ١٢هەمی یاسای بنەڕەتیی ئێران، تومارێک لە لایە خەڵک و مامۆستایانەوە واژۆ بکرێت و ڕەوانەی نووسینگەی ڕێبەری بکرێت.