هێزە نیزامییەکان ئاگریان لە کەلوپەلی کاسبکاران لە سنووری نەوسوود بەردا

15:20 - 19 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی جێگیر لە سنووری نەوسوود، دەستیان بە سەر کەلوپەلی کاسبکاران داگرت و دواتر ئاگریان تێبەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، بەشێکی بەرچاوی لە شتومەکی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە سنووری نەوسوود لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەستی بەسەر داگیرا.

یەکێک لەو کۆڵبەرانە کە شتومەکەکەی لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستی بەسەر داگیرابوو، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە نیزامییەکان پاش دەسبەسەردا گرتن و ڕاگواستنی کەلوپەلی کاسبکاران و کۆڵبەران بۆ پایگا، شتومەکەکانیان ئاگر تێبەردا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: کۆڵبەران و کاسبکاران بەو کارەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی تووشی خەساری زۆری ماڵی بوون.